فەلاح حەسەن: ڕێکخراوەکانی کوردستان دەنێرینە چین و وڵاتانی دیکەی جیهان
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ کونسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین گەیشتووینەتە ڕێککەوتن کە، ڕێكخراوە نا حکوومییەکانی کوردستان بنێرینە ئەو وڵاتە. دەشڵێت: سەرباری چین، هەوڵ دەدەین لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان لەو بارەوە ڕێک بکەوین.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە لیۆ جین لۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەکە، لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی و ناردنی ڕێکخراوە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چین، کرا. هاوکات، بەشداریپێکردنیان لە خولە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی کونسڵخانەکەیانەوە .
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی، چەند ڕێکخراوێکی هەرێمی کوردستان بنێرنە چین، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی خولەکان بکەن و سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرن لە کاری ڕێکخراوەییدا.
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەوڵ دەدەن لەگەڵ وڵاتانی دیکە جیهان هەمان ڕێک بکەون، بۆ ئەوەی بتوانن ئاستی کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەن.