شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپێکی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ڕووی دا

بڵاوکردنەوەی هێزی تایبەتی عێراقی لە شەقامەکانی کەربەلا
بڵاوکردنەوەی هێزی تایبەتی عێراقی لە شەقامەکانی کەربەلا

لە کەربەلا، گرووپێکی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی دەستڕێژ لە ئەندامانی سوپای عێراق دەکەن و دواتر هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر گرووپە و شەش کەسیان لێ دەستگیر دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە شاری کەربەلا، چەکدارانی گرووپی جوندی ئیمام، کە باڵێکی نێو ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی عێراقە و لەلایەن ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاری عێراق سەرپەرشتی دەکرێن، بەهۆی دەمەقاڵێوە لەگەڵ مەفرەزەیەکی سوپای عێراق تێکگیربوون و دواتر دەستڕێژیان لە ئەندامەکانی سوپای عێراق کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی داوە، بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان تەشەنە نەکات، هێزێکی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و حەشدی شەعبی چوونەتە نێوەندگیری و کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە و شەش چەکداریان دەستگیر کردووە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی پاراستنی سەلامەتی زیارەتکارانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سوپای عێراق بە تەواوی پێکهاتەکەییەوە لە ناو شاری کەربەلا و دەوروبەری بڵاو کراونەتەوە و بازگەیان داناوە، لە هەندێک کاتی پێویستدا بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتی گەڕان و پشکینین شوێنە گوماناوییەکانیش دەکەن.

Fly Erbil Advertisment