سروە ڕەسووڵ بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەو ئافرەتانەی دەگەڕێنەوە نیشتمان پێویستییان بە هاوکاریی و پاڵپشتیی زیاتر هەیە
بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بۆ شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە، ئەو ئافرەتانەی لە پرۆسەی گەڕانەوەی نیشتیمانیدا دەگەڕێنەوە، پێوستییان بە هاوکاریی و پاڵپشتیی زیاترە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بڵاوی کردەوە کە سروە ڕەسووڵ بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، لەگەڵ ئەجای مادیوالی، بەرپرسی هەرێمی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئافرەتان و خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سروه ڕەسووڵ بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان تیشکی خستەسەر ئەو کێشە و بەربەستانەی دێنە بەردەم ئافرەتان، بە تایبەتیش لە بارودۆخی مرۆیی، یاخود لە کاتی ڕوودانی قەیران و کارەساتەکاندا، بۆ ئەمەش ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە هێنانە پێشەوەی ئافرەتان لە پرۆسەی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان لە ئاستی ھەرێمیی و ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سروە ڕەسووڵ باسی پرۆسەی گەڕانەوەی نیشتمانیی کرد، تیایدا ئاماژەی بەوە کرد "بەشێك لەوانەی دەگەڕێنەوە ئافرەتانن، بۆیە پێویستیان بە هاوکاریی و پاڵپشتیی زیاتر هەیە، لەم چوارچێوەیەش ئامادەباشی ناوەندی پیشان دا بۆ هەموو جۆرە هاوکاریی و هەماهەنگیی و پاڵپشتییەك بۆ پرۆژەکانی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کارووباری ئافرەتان".
لە بەرامبەردا، ئەجای مادیوالی، ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای کارووباری خانمان خەریکی نووسینەوەی پلانی ھەرێمیین لە قۆناغی سێیەم، ئامادەباشی خۆشی پیشان دا بۆ هاوکاریی و هەماهەنگیی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان لە هەرێمی کوردستان.