کەناڵی ئاسمانی زووم دەزگایەکی مێدیایی لە سلێمانی بە داخستنی پەیجەکەیان تۆمەتبار دەکات

دەزگایی مێدیایی زووم ڕایگەیاند، ئەمە دووەم جارە پەڕەی سەرەکی کەناڵەکەمان لە فەیسبووک لەلایەن دەزگایەکی مێدیایی لە سلێمانیەوە دەکرێتە ئامانج، ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەدواداچوونەکانمان دەرکەوتووە داخستنی پەیجەکەیان لە ڕێگەی ئیمەیلێکەوە بووە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کەناڵ8.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی ئابی 2024، کەناڵی ئاسمانی زووم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "لەکاتژمێر 9:38 خولەکى بەیانى ڕۆژی 22ـى ئابى 2024، پەڕەى سەرەکیی کەناڵى ئاسمانیی زووم لە فەیسبووک داخرا".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "تیمى تەکنیکى کەناڵ دواى بەدواداچوون و پەیوەندیی بە کۆمپانیا مێتا بۆی ڕوون بووەتەوە، هۆى داخستنى پەڕەکە، هێرشى ئەلیکترۆنییە" دەشڵێت: ئەمە جارى دووەمە هێرشێکى لەو شێوەیە دەکرێتە سەر لاپەڕەى فەرمیی دامەزراوەکەمان.
باسیان لەوەش کردووە "تیمى تەکنیکی زووم، سەرچاوەی هەردوو هێرشەکەى دەستنیشان کردووە، کە لەڕێگەی ئەم ئیمەیڵەوە (kurdishcopyright@ gmail.com) کراوە، کە خاوەندارییەکەی لێی نووسراوە، کەناڵ8".
کەناڵەکە ڕاشیگەیاندووە، هێرشی یەکەم بۆسەر پەڕەى فەرمیی کەناڵی ئاسمانیی زووم، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا کراوە، ئەوکات بە هەمان ئیمەڵ نزیکەی لە 10 جار هێرش کرایە سەر پەڕەکەمان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەختی کردەوە "هێرشى سەر پەڕەکەمان دواى تەنها سێ ڕۆژ دێت لە ئەشکەنجەدانی پەیامنێرەکەیان لە هەڵەبجە کە لەلایەن هێزێکى ئەمنی خورماڵەوە. هێرشی کراوەتە سەر".