کوردستان24 وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات

وێنەی دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدان (ئەرشیف)
وێنەی دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدان (ئەرشیف)

K24 – دهۆک:

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی 16ـی ئەیلوولی 2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات.

خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی 16ـی ئەیلوولی 2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات تاوەکوو 24 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 215 هەزار و 960 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت بەشداری دەکەن.

هاوکات بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 431 بنکەی دەنگدانی ئامادەکردووە کە هەزار و 266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی و 165 بنکەش بۆ دەنگدانی تایبەت دەبێت.

وابڕیارە لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2024 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ـیش پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لەسەر ئامادەکارییەکان.