سەرۆك بارزانی: بەرگریکردن لە مافی پێکهاتەکان لەلای ئێمە پرەنسیپێكی نەگۆڕە

K24 – هەولێر:
سەرۆک بارازانی پێشوازی لە لویس ساکۆ کرد و جەختی کردەوە كریستیانەكان و سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان وەک بەشێك لە گەلی خۆمان دەزانین و بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە مافەكانیان دەكەین.
ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی ئابی 2024 لە سەڵاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە غیبتەی پاتریارک كاردینال مار لویس ڕۆفائێل ساكۆ سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ پاراستنی پێكهاتەی كریستیان و پاڵپشتیكردنی داواكارییەكانیان و پێدانی دڵنیایی بۆ گەرەنتیبوونی ئاییندەیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕاشیگەیاند كە كریستیانەكانی دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش سوپاسگوزاری هەڵوێستەكانی سەرۆک بارزانین.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندی یاوەری، ڕایگەیاند كە كریستیانەكان و سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان وەک بەشێك لە گەلی خۆمان دەزانین و بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە مافەكانیان دەكەین و ئەوە لەلای ئێمە وەک پرەنسیپێكی نەگۆڕە.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و دۆخی كەركووک و چەند بابەتی پەیوەست بە پێكهاتەكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
