شاخەوان عەبدوڵڵا: خاڵەکانی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دواخستنی مووچە بیانووی بێ بنەمان

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق  گفتوگۆی کرد و نیگەرانی خۆی و خەڵکی کوردستانی بۆ باس کرد، کە هەر جارەو بە بیانوویەک مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوا دەخرێت و هۆکاری سەرەکی ئەو بابەتەش وەزیری دارایی عێراقە و دەبێت ئەو دۆخە چاک بکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەل سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆیان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتە دەستیان، کە خۆی لە 7 خاڵ دەبینێتەوە و گوایە وەکو بیانوو بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێندرێت، ئەو خاڵانە جگە لە بیانووی بێ بنەما پشتی بە هیچ دەقێکی یاسایی و واقعێکی حسابی نەبەستووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: هەر لەو بارەیەوە دوێنێ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆمان کرد و نیگەرانی خۆمان و خەڵکی کوردستانم پێ گەیاند کە هەرجارەو بە بیانوویەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوادەخرێت و هۆکاری سەرەکی ئەو بابەتەش وەزیری دارایی عێراقە و دەبێت ئەو دۆخە چاک بکرێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد، نموونەی هەردوو خاڵی 4 و 5 ی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی لەگەڵ سەرۆکوەزیران باسکرد کە ناوەرۆکەکەی دەڵیت: "ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی لەکەرکووک و خانەقینن نابێت حکوومەتی هەرێم موچەیان بدات و دەبێت ناویان ڕەشبکرێتەوە". منیش گوتم: "ئەوان هەمان ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە ساڵانێکە هەوڵ دەدەین بگوازرێنەوە سەر حکوومەتی فیدراڵی و خودی ئەو وەزیرە و ئەوانی پێشتریش ڕێگربوونە لەپرۆسەکە، ئێستە لەبری گواستنەوەیان وەزیری دارایی داوای کردوە مووچەکانیان ڕابگیرێت و خاڵەکانی تریش بەهەمان شێوە هیچ بنەمایەکی نییە جگە لەسیاسەتی دژایەتی کردن و برسیکردنی خەڵکی کوردستان".

شاخەوان عەبدوڵڵا، هاوکات گوتی: "بەسوپاسەوە سەرۆکوەزیرانی عیراق گوتوێتی ئاگاداری ئەوە نەبووە و وادەکات وەزیری دارایی پەیوەندیم پێوە بکات، دوای کاتژمێرێک تەیف سامی، وەزیری دارایی پەیوەندی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرۆکوەزیران باسی لەنیگەرانییەکانیان کردووە. منیش گوتم بەڵێ ئەوەی دەکرێت ناحەقییە و پێچەوانەی دەستوورە و دەچێتە خانەی جیاکارییەوە ، هەروەها پێچەوانەی بریاری دادگای فیدراڵی و یاسایی بودجەیە کە ئێمە لەپەرلەمان تەخسیساتی تەوامان بۆ موچە و بودجە و هەرێم داناوەو دەنگی لەسەر دراوە."

گوتیشی: وەزیری دارایی هەندێک بیانوی هێناوە کە ئەو هەڵەیەی فەرمانبەرانی کەرکووک چاک دەکرێت و بەشێکیشی دیوانی چاودێری دارایی بەرپرسە و لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لەسەر خەتین بۆ چارەکردنیان.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هیوادارە ئەو پرسە بەیەکجاری کۆتایی بێت و چیدیکە بە بیانووی بێ بنەماو دوور لە یاسا دەست بۆ قوت و بژێوی خەڵکی کوردستان نەبرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کە هەفتەی داهاتوو داوایەک ئاراستەی سەرۆککۆمار، وەزیرەکانی کورد لەبەغدا و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کوردستانییەکان دەکات بۆ کۆبوونەوە لەسەر پرسەکە و ڕاگەیاندنی هەڵوێستێک لەو بارەوە.