عەنکاوە و ستێرلینگ هایتسی ئەمەریکی دەبنە دەستەخووشک

K24 – هەولێر:
قایمقامی قەزای عەنکاوە بۆ کوردستان24ـی ئاشکرای کرد: لە داهاتوویەکی نزیکدا، عەنکاوە و شاری ستێرلینگ هایتسی ئەمەریکی ڕێککەوتننامەی بەدەستەخووشک بوون ئیمزا دەکەن.
22ـی ئابی 2024، ڕامی نووری، قایمقامی قەزای عەنکاوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ستێرلینگ هایتس لە ویلایەتی میشیگنی ئەمەریکی ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی لەگەڵ عەنکاوە ببن بە دەستەخووشک.
قایمقامی عەنکاوە ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن دامەزراوەی ڕەوەندی کلدانی لە ئەمەریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێشکەش کراو پێکەوە کاریان لەسەر کردووە و ڕەزامەندی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێریان وەرگرتووە.
ڕامی نووری ڕاشیگەیاند: لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن و ئیدارەی شارە ئەمەریکییەکە بەشێوەی ئۆنلاین کۆبوونەوەی هەفتانەیان هەبووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە و هەموو ئەو خاڵە پێویستانەی هەبوون، هەردوولا ڕوونیان کردووەتەوە و تێگەیشتنی هاوبەش لەبارەیەوە دروست بووە.
لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە، قایمقامی عەنکاوە گوتی: چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، لەوانە ناردنی فەرمانبەرانی حکوومەت بۆ ڕاهێنان لە ئەمەریکا لەبارەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی مۆدێرن، هەروەها لە بڕگەی دووەمی ڕێککەوتننامەکە باس لە ناردنی گەنجانی عەنکاوە دەکات بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی ئاشنایی لەگەڵ فەرهەنگ و شێوازی ژیانی ئەو وڵاتە پەیدا بکەن و لە ڕووی سەرکردایەتی و کاری پێکەوەییەوە ئامادە بکرێن بۆ داهاتوو.
هەروەها ڕامی نووری گوتیشی: لە ڕووی ئاڵوگۆڕی کولتووریی و ڕۆشنبیریی هەردوولا پەیوەندییەکانیان بەهێز دەکەن و سەردان و بەشداری لە چالاکییەکانی یەکتر دەکەن بۆ دروستکردنی ئاشنایەتی لەبارەی مێژووی ناوچەکە و ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەنجوومەنی شارەکە سەرسامی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕیوە.
لەلایەن خۆیەوە، باربارا زیارکۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی ستێرلینگ هایست ڕایگەیاندووە" ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە، هیوادارم بتوانین زۆر شت لە یەکترەوە فێربین و بۆ هەموومان گرنگە بزانین شوێنەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهان لە ڕاستیدا چۆن کاردەکەن، و چۆن ئێمە لە یەک دەچین، بەڵام جیاوازین."
هەروەها مایکل تایلۆر، سەرۆکی شارەوانی ستێرلینگ هایتس جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ هاوکاریکردن و بەرەوپێشبردنی عەنکاوە بیگوازنەوە و دەڵێت: "گرنگە ئەم پەیوەندیی دەستەخووشکییە وەک ئەوانی دیکە نەبێ بەڵکو پێویستە هەردوولا سوودی لێوەربگرین".

