ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری شەڕەکەی گەڕەکی هەولێری نوێی ڕاگەیاند
K24 – هەولێر:
ئاسایشی هەولێر تۆمەتباری شەڕەکەی دوێنێی گەڕەکی هەولێری نوێی دەستگیر کرد و جەختیش دەکاتەوە، هەرکەسێک چەک بەکاربهێنێت و تەقە بکات لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە چەند کەسێک هێرش دەکەنە سەر گەنجێک لە گەڕەکی هەولێری نوێ، و یەکێک لە هێرشکارەکانیش بە چەکی کڵاشینکۆف تەقە دەکات، ئاسایش ئەو تۆمەتبارەی دەستگیر کرد کە تەقەی کردووە.
ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لەڕێکەوتی 20ـی ئابی 2024، تۆمەتبار (أ. م. ع.) لەگەڕەکی هەولێری نوێی شاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە چەکێکی بێمۆڵەت هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییەک لە شوێنی کارەکەی و چەند فیشەکێکی تەقاندووە، لەسەر ئەم تۆمەتە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد.
هەروەها ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەکاتی بوونی هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پەنا نەبەنە بەکارهێنانی چەک و خۆیان کێشەکانی خۆیان یەکلایی نەکەنەوە، بەڵکو بەڕێگەی یاسا داوای مافی خۆیان بکەن.
هاوکات ئاسایشی هەولێر جەختیشکردووەتەوە: هەرکەسێک چەک بەکاربهێنێت و تەقە بکات لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت و سوپاسی هەر هاووڵاتییەکیش دەکات کە پابەندە بە جێبەجێکردنی یاساوە.