هەرێمی کوردستان.. ساڵانە 15 ملیۆن نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن

K24 – هەولێر:

ساڵانە زیاتر لە 15 ملیۆن نەخۆش سەردانی بنکە تەندروستیەکان و نەخۆشخانە حکوومیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، نزیکەی 30% بۆ 40%ـیان نەخۆشانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، حکوومەتی  هەریمی کوردستان مانگەنە زیاتر لە 23 ملیار دیناری بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان کردووە بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری نەخۆش.

جاسم فەتلاوی، هاووڵاتیی باشووری عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: خەڵکی کەربەلایە و هاوسەرەکەی لەوێ سەردانی زۆر دکتۆر و نەخۆشخانەی کردبوو، بەڵام تەندروستی هەر باش نەدەبوو، بۆیە هێنایە هەولێر و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ کرا.

لە هەرێمی کوردستان 135 نەخۆشخانەی حکوومی و تایبەت هەن، لەگەڵ 47 بنکەی تەندروستی، زیاتر لە 7 هەزار پزیشک و 22 هەزار پەرستاریان بۆ دابینکراوە، خزمەتگوزاری و چارەسەری پێشکەش بە نەخۆش دەکەن.

لای خۆیەوە د. سەرکار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی گوت: وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 23 ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان دەکات، هەروەها هەندێک دەرمانی زۆر دەگمەن هەن کە توانرا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم خەرجییە بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکرێن، کە ئەمەش وایکرد بارگرانییەکی زۆر لەسەر نەخۆش کەم ببێتەوە.

نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 11 هەزار نەخۆشیان، هەیە کە خزمەتگوزارییەکان 24 کاتژمێرین.

Fly Erbil Advertisment