له‌ كۆی 15 گه‌رمترین ناوچەی جیهان 14ـیان له‌ عێراقن

هاووڵاتییەکی عێراقی لەبەر گەرمادا کاردەکات - وێنە: ئەرشیف
هاووڵاتییەکی عێراقی لەبەر گەرمادا کاردەکات - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وێستگه‌یه‌كی زانستیی له‌ ئه‌مه‌ریكا پۆلێنی بۆ 15 گه‌رمترین ناوچەکانی جیهان له‌ 24 كاتژمێردا كردووه‌ و بەپێی ڕیزبه‌ندییه‌كه‌، 14ـیان ناوچەی عێراقین و تێكڕای پله‌كانی گه‌رما له‌و ناوچانە له‌ 49 پله‌ی سیلیزی نزیكبوونه‌ته‌وه‌.

بەپێی پۆڵینبه‌ندیی وێستگه‌ی بلاسیرفێلی كالیفۆرنیای ئه‌مه‌ریكا، كه‌ ڕیزبه‌ندی بۆ 15 گه‌رمترین ناوچەی جیهان بۆ دوایین 24 كاتژمێر كردووه و تێكڕای پله‌كانی گه‌رما تێیاندا له‌ 49 پله‌ی سیلیزی نزیک بووه‌ته‌وه‌‌ و له‌كۆی ئه‌و 15 گه‌رمترین ناوچانەی جیهان، له‌ یەکە‌م تاوەکوو چوارده‌م به‌ر ناوچەکانی عێراق ده‌كه‌وێت و پازده‌مین و دوا ناوچەش له‌ عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌یه‌.

وه‌ك له‌ ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا هاتووه‌، شاری ناسرییه‌ی باشووری عێراق گه‌رمترین شاری جیهانه‌ و پله‌كانی گه‌رما تێیدا گه‌یشتوونه‌ته‌ 48.4 پله‌ی سیلیزی.

دوای ئه‌ویش شاری كه‌ربه‌لا به‌ تۆماركردنی 48.2 پله‌ی سیلیزی دووه‌م پله‌ی گه‌رمترین شاری جیهانیی به‌ركه‌وتووه‌، له‌كاتێكدا شاری هیت له‌ ڕۆژئاوای ئه‌و پارێزگایه‌ سێیه‌م به‌رزترین شاری جیهانییه‌ و پله‌كانی گه‌رما له‌و شاره‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 48 پله‌ی سیلیزی.

هه‌رچی پله‌ی چواره‌می گه‌رمترین شاری جیهانییه‌، به‌ تۆماركردنی 47.9 پله‌ی سیلیزی به‌ر شاری سه‌ماوه‌ کەوتووە و دوای ئه‌ویش شاری رومادی له‌ پله‌ی پێنجه‌مدایه‌ و پله‌كانی گه‌رما له‌و شاره‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 47.7 پله‌ی سیلیزی.

هه‌ر بەپێی ڕیزبه‌ندیه‌كه‌، پله‌ی شه‌شه‌می گه‌رمترین شاری جیهان به‌ تۆماركردنی 47.6 پله‌ی سیلیزی به‌ر شاری نه‌جه‌ف کەوتووە و دوای ئه‌ویش سابیعه‌تولنه‌خیب له‌ پله‌ی هه‌شته‌مدایه‌ و پله‌كانی گه‌رما له‌و شاره‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 47.5 پله‌ی سیلیزی.

له‌كاتێدا شاری حیلله‌ به‌ تۆماركردنی 47.3 پله‌ی سیلیزی له‌ ڕیزبه‌ندی هه‌شته‌می گه‌رمترین شاره‌كانی جیهاندایه‌ و دوای ئه‌ویش ناوچه‌ی عه‌زیزییه‌ به‌ تۆماركردنی 47.2 پله‌ی سیلیزی، له‌ ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا پله‌ی نۆیه‌می به‌رده‌كه‌وێت.

هه‌رچی پله‌ی ده‌یه‌مه‌ به‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كه‌وتووه‌ و پله‌كانی گه‌رما تێیدا گه‌یشتوونه‌ته‌ نزیك 47.2 پله‌ی سیلیزی. ریزبه‌ندی یازده‌مینیش به‌ر شاری عه‌ین ته‌مر کەوتووە و پله‌كانی گه‌رما له‌و ناوچه‌یه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 47.1 پله‌ی سیلیزی.

دوای ئه‌ویش ناوچه‌ی حه‌ی حوسێن له‌ پارێزگای به‌سره‌ به‌ تۆماركردنی 47 پله‌ی سیلیزی ڕیزبه‌ندی دوازده‌هه‌مینی به‌ر ده‌كه‌وێت. شاری دیوانییه‌ش وه‌ك سێزده‌مین گه‌رمترین شاری جیهانی ده‌ستنیشان كراوه‌ و پله‌كانی گه‌رما تێیدا گه‌یشتوونه‌ته‌ نزیك 47 پله‌ی سیلیزی، له‌كاتێكدا پله‌ی 14ـه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ به‌ تۆماركردنی 46.8 پله‌ی سیلیزی به‌ر شاری خاڵس ده‌كه‌وێت.

دوایین شاری ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ش كه تاكه‌ شاره‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراق و ناوی له‌‌ پۆلێنبه‌ندیی 15ـه‌مین گه‌رمترین شاری جیهاندا هاتووه‌، شاری عولایه‌ له‌ عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ و پله‌كانی گه‌رما تێدا گه‌یشتوونه‌ته‌ 46.7 پله‌ی سیلیزی.