توركیش عیزددەین: دان به كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی پارێزگای كهركووك نانێین
K24 – هەولێر:
سەركردەیەکی بەرەی توركمانی، دەڵێت: بهشداری كۆبوونهوهكانی ئهنجومهنی پارێزگای کەرکووک ناكهین و ئهو پۆستانەشی بە ئێمە دراوه پێی ڕازی نین.
توركیش عیزددەین، سەركردەیەکی بەرەی توركمانی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: بەرەی تورکمانی، حزبەکانی سیادە و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە دانیشینەکەی سبەینێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەن و، ئێمە دان بە کۆبوونەوەکە نانێین.
ئەو سەرکردەیەی بەرەی تورکمای هێمای بۆ ئەوە کرد، کۆبوونەوەکەی سبەینێ ناڕەوایە و دەستووریی نییە و، سکاڵایان تۆمار کردووە لە دادگای فیدراڵی و چاوەڕێی دادگان بڕیاری لەسەر بدات و پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.
ناوبراو گوتیشی: "لە ئەنجوومەنی پارێزگا 19 پۆست بۆ تورکمان دانراوە ئێمە پێی ڕازی نین، پۆستی دیکە هەیە کە بەلای ئێمە گرنگە بۆ نموونە پۆستی پارێزگار بە شێوەی خولی بێت چەندەها پۆستی دیکە، کە مافی خۆمانە و لێمان داگیر کراوە."
بڕیارە سبەینێ شەممە (24ـی ئابی 2024) کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بەشداری لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کۆ بێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ 9 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشدار دەبن، بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش سێ خاڵ لەخۆ دەگرێت؛ یەکەمیان: گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی 7 هەزار پلەی وەزیفی کە بۆ دامەزراندنی هاووڵاتییانی کەرکووک بە شێوەی گرێبەست تەرخان کراوە.
خاڵی دووەم، گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و خاڵی سێیەمیش؛ داوا لە بەرەی تورکمانی دەکرێت ئەو پۆستانەی کە بۆیان دانراوە پڕیان بکەنەوە.
کوردستان24 زانیویەتی، بەرەی تورکمانی سبەینێ بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات و هۆشداری ئەوەشی داوە کە بە هیچ شێوەیەک بڕیار لەسەر ئەو پۆستانە نەدرێت کە بۆ تورکمان دانراوە، چونکە بەرەی تورکمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی نابێت دەستکاری پۆستەکان بکرێت. هەروەها حزبی سیادەش بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکات، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانیش تا ئێستە بڕیاری نەداوە کە بەشدار دەبێت یاخوود نا.