ئێران هەوڵی دزەکردنە ناو واتسئاپی بەرپرسانی ئەمەریکا دەدات

کۆمپانیای مێتا ڕایگەیاند، چەند چەندین هەژمارەی واتسئاپیان لە ئێران لە کارخستووە کە بە پشتیوانیی سوپای پاسداران هەوڵیانداوە دزە بکەنە نێو هەژماری بەرپرسانی ئەمەریکی.
کۆمپانیای مێتا، کە خاوەندارێتی تۆڕی واتسئاپ دەکات بڵاوی کردووەتەوە؛ چەند هەوڵێک دراوە بۆ دزەکردنە ناو واتسئاپی بەرپرسانی ئیدارەی جۆو بایدن و کەسە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو کەسانەی هەوڵیان دزەکردنەکانیان داوە بەپشتیوانیی ئێران ئەو کارەیان کردووە.
کۆمپانیای مێتا باسی لەوەش کردووە؛ ئەو کەسانەی هەوڵەکەیان داوە سەر بە گرووپی ئەی تی پین کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێن و پێشتریش هێرشی ئەلیکترۆنیان بۆ سەر هەڵمەتی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ کردبوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیای ژیریی دەستکرد OpenAI بەهۆی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی سیستمەکە و ئاژاوەگێڕی، چەند هەژمارێکی بەکارهێنەرانی ئێرانی داخست.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، کۆمەڵێک هەژماری بەکارهێنەرانی ئێرانی داخست کە ڕۆبۆتی دەمەتەقێی سیستمی GPT بۆ دروستکردنی دەقی مەبەستداریان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و چەند پرسێکی دیکە دروست بکەن.
ئەو هەژمارانەی داخراون لە سیستمی Storm-2035 Chat GPT بوون، کە بە سیستمی ژیریی دەستکرد کار دەکات و دەتوانێت ناوەرۆکی مەبەستدار بەرهەم بێنێت و بابەتەکانی وەک لێدوان لەسەر کاندیدەکانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، شەڕی غەززە، بەشداری ئیسرائیل لە ئۆڵۆمپیاد و پاشان دەقە دروستکراوەکان لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکان بڵاو دەکرێتەوە.