چەند حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش وێران کران
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا سێ حەشارگەی چەکدارانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین وێران کران.
لە ڕاگەیەندراوێکی شانەکەدا هاتووە "پاڵشت بە زانیاریی وردی هەواڵگری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و هەواڵگری عێراق، کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، هێزی ئاسمانی هەڵۆکان بە فڕۆکەی سیسنا کاراڤان سێ حەشارگەی پاشماوەکانی چەکدارانی داعشیان لە سنووری شارۆچکە دووز بۆمباران کرد".
هەروەها ئاماژەی داوە "ئەو حەشارگانەی بۆمباران کراون دەکەونە سنووری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەددین و بە تەواوی حەشارگەکان خاپوور و وێرانکراون و لە نێویاندا ژمارەیەک چەکداری کوژراویش هەن".
بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەو حەشارگانە شوێنی مانەوە و خۆ ڕێکخستنی چەکدارانی داعش بووە کە ماوە ماوە بەشێوەی مەفرەزە دەردەچوون و پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنیان دەدا.