ئەمەل سەعید و سەعدون کاکەیی دوێتێکی نوێیان بڵاو کردەوە
هەردوو هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە و سەعدون کاکەیی، نوێترین دوێتی خۆیان بەناوی "هەبوو نەبوو" بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە کەناڵی یوتیوب بڵاو کردەوە.
خانمە هونەرمەند ئەمەل سەعید، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمە نوێیەم لە گۆرانی هەریەکە لە هونەرمەندان "حەسەن زیرەک و کەریم کابان و میادە حناوى" پێک هاتووە و بڵند قەرەداغی کاری تۆمارکردن و ماسترینگی بەرهەمەکەی کردووە و دیار مەهدی کاری وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکەی کردووە.
ئەمەل سەعید گوتیشی: ئەوە نوێترین دوێتی منە لەگەڵ سەعدون کاکەیی، کە بەیەکەوە پلانی تۆمارکردنی ئەو گۆرانیەمان دانا و هەڵبژاردنمان بۆ کرد، هیوادارم ئەو بەرهەمە نوێیەم جێگای خۆی بگرێت لەناو دڵی خەڵک و بە دڵی هەموو لایەک بێت.
هەردوو هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە و سەعدون کاکەیی، ماوەیەکی زۆرە لە بواری هونەریدا کار دەکەن و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرین، لە ئێستاشدا نوێترین دوێتی خۆیان بەناوی "هەبوو نەبوو" بڵاو کردووەتەوە.