ڕاوێژکارێکی پوتین بۆ کوردستان24: ڕێگریی لە پێشڕەویی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەین
هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی ڕووسیا و کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە پارێزگای کورسک، پێی ناوەتە هەفتەی سێیەمەوە. کاربەدەستانی کیێڤ دەڵێن، هێزەکانیان پێشڕەوی باش دەکەن.
کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە پارێزگای کورسکی ڕووسیا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە، پێی ناوەتە هەفتەی سێیەمەوە. ڕۆژ دوای ڕۆژ شەڕەکە توندتر دەبێت. سوپای ئۆکرانیا بە پشتیوانیی ڕۆژئاوا، هەوڵی پێشڕەوی زیاتر دەدات؛ بەڵام ڕاوێژکارێکی ڤڵادیمێر پوتین دەڵێت: وانەیەکی پێویستیان پێ دەدەین.
ڤالێری فادیێڤ، ڕاوێژکاری ڤڵادیمێر پوتین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەموو ڕێگەیەک دەگیرێتە بەر، بۆ بەرتەسککردنەوەی دەرفەت لە بەردەم هێزەکانی ئۆکرانیا و بەکرێگیراوە بیانییەکاندا بۆ مانەوەیان لەسەر خاکی ڕووسیا. بەوپێیەی کەسێکی سەربازی نیم، نازانم ئەم هەنگاوە کەی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دڵنیام و دەتوانم بڵێم کە لەسەر ئەم خاکە، هەموویان دەردەپەڕێندرێن، با هیچ کەسێک نە لە ئەورووپا و باقی دونیاشدا لەوەدا گومانی نەبێت".
ئۆکرانیا لە پارێزگای کورسک پێگەی خۆی جێگیر دەکات و هەوڵی پێشڕەوی زیاتر دەدات. ڕووسەکانیش، سوپای کیێڤ بە هەوڵدان بۆ کردنی کارەساتی ئەتۆمی و مرۆیی تۆمەتبار دەکەن.
میخایل میاخکۆڤ، پسپۆڕی سەربازی و مێژوویی بە کوردستان24ـی گوت: پەلامارەکەی ئۆکرانیا، جەوهەری ڕژێمی کیێڤ و زیلێنسکی نیشان دەدات، بە داگیرکردنی ئەو ناوچانەی کورسک، ئەوان لەوێ هەمان ئەو کارانە دەکەن کە سەربازانی هیتلەر لە ساڵانی 1941-1943 لەوێ کردیان. ئەوان بە بیانووی دواکەوتنی هاوکاریی خۆرئاوا و دروستکردنی پشتێنە، پاساو بۆ پەلامارەکەیان دەهێننەوە، ئەمەش هەمان ئەو کارانەیە کە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ڕووی دا.
میخایل میاخکۆڤ جەختی لەوە کردەوە،"ڕووسیا وەڵامی توندی ئەو کارانە دەداتەوە و لە ڕیشەوە هەڵیان دەتەکێنین. بێگومان هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە بۆ ئەوەی وەڵامی پڕاوپڕی ئەو پەلامارە بدرێتەوە؛ ئامادەسازی تەواو دەکرێت و هەموو ئامانجەکانمان دەستەبەر دەکەین".
تا دێت جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دژوارتر دەبێت. هێزەکانی ڕووسیا لە ناو خاکی ئۆکراینادا پێشڕەوی دەکەن. پسپۆڕانی ڕووس پێیان وایە، سوپای ئۆکرانیا بە هاوکاریی ناتۆ، لە پارێزگای کورسک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر دەدات؛ بەڵام کاربەدەستانی کرێملن دەڵێن: دەبێت دوژمن سەراپا لەناو ببرێت.