تاڵیبان یاسای توندتر بەسەر ئافرەتاندا دەسەپێنێت
K24 – هەولێر:
تاڵیبان لە دەرکردنی یاسای نوێ دژی ئافرەتان بەردەوامە، لە نوێترین یاساشدا کە دەری کردووە زیاتر مافی ئافرەتان لە ئەفغانستان بەرتەسک دەکاتەوە، هەروەها یاسای توندتریش بەسەر پیاواندا سەپێندراوە.
تاڵیبان کە حووکمڕانی ئەفغانستان دەکات، کۆمەڵێک یاسای توندیان دژی ئافرەتان دەرکردووە، کە لە ژێر ناوی "فەرماندان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە".
یاسای نوێ بۆ ئافرەتان
دەسەڵاتی دادوەری تاڵیبان ڕایگەیاند، ئەو یاسایە کە مەرجەکانی داپۆشینی تەواوی ژنان و قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی لەخۆدەگرێت، پەسەند کراوە.
یاسا نوێیەکان لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرانەوە، ئەم یاسایە دەسەڵاتی پۆلیسی تاڵیبان بەهێزتر دەکات کە سەرپەرشتی ڕێنماییەکانی هەڵسوکەوت دەکات لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی. بۆ نموونە لە بینینی پیاوانی نەناسراودا "ژنانی موسڵمان دەبێت پابەند بن بە داپۆشینی دەم و جەستەیان" و "لەبەر ترسی فیتنە، هەروەها سەیرکردنی پیاوی نامۆش لەلایەن ئافرەتانەوە قەدەغەیە.
لە ماددەی 13ی یاسای فەرمانی چاکە و قەدەغەکردنی خراپەدا هاتووە: "دەنگی ئافرەت تایبەتە و نابێت لە ماڵەوە و لەبەردەم خەڵکدا بە دەنگێکی بەرز قسە بکات.
هەروەها، ئافرەتان نابێت گوێ لە گۆرانی بگرن و، نابێت لەگەڵ پیاوی نەناسراویش قسە بکەن کە بە تاوان دادەنرێت.
یاسای نوێ بۆ پیاوان
یاسای نوێی "فەرماندان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە"، تەنیا چۆنیەتی پۆشینی جلوبەرگ بۆ ژنان سنووردار ناکات، بەڵکو باس لەوە دەکات کە پیاوانیش پێویستە "بەجۆرێک جل و بەرگیان بپۆشن کە جەستەیان تەواو داپۆشراو بکات
هەروەها پیاوان پێویستە پانتۆڵێک لەبەر بکەن کە لانیکەم درێژییەکەی لەسەر ئەژنۆ بێت و، پیاوان پێویستە ڕیشیان هەبێت و نابێت زۆر کورت بێت.
پەیوەندیی هاوڕەگەزبازی، زینا و قومار، دروستکردن و سەیرکردنی فیلم یان وێنەی زیندەوەران، قەدەغەیە.