پرسی ئیدارەی نوێی کەرکووک لە بەرنامەی "بۆ هەمووان"ـی کوردستان24ـدا تاوتوێ دەکرێت

K24 – هەولێر:

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 و بەختیار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی، لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24ـدا کە سەهین موفتی پێشکەشی دەکات، باسیان لە دۆخی کەرکووک و حکوومەتی خۆجێیی شارەکە کرد و گوتیان: کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نویێ کەرکووک نایاسایی بوو.

لە دەستپێکدا دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140، ڕایگەیاند: کەرکووک پرسێکی نەتەوەیی نیشتمانی ستراتیجییە و جەوهەری کێشەی کوردە، زۆر ناهەقی بەرانبەر کورد لەو شارە دەکرێت.

ئاماژەی بەوە کرد، کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140 و شارەکانی دیکەی عێراق بە هاووڵاتی ژمارە 2 لە قەڵەم دەدرێت، هەروەها ئەوانەی لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کەرکووک دەپارێزن خەڵکانێکی بیانین.

جەختی لەوە کردەوە، کورد سوودی لە هەڵەی 16ـی ئۆکتۆبەر نەبینی. سەرۆکی بۆردی ماددەی 140، باسی لەوە کرد، لە کەرکووک دەستوەردانێکی دەرەکی زۆر زەق هەیە و، فەرزکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و حزبی هەیە، ئەمەش وای کردووە کورد، عەرەب و تورکمان لە شارەکە پەرتەوازە بن.

دژوار فایەق، گوتی: ئەجێندای دەرەکی دەستیان لەناو کەرکووکدا هەیە.

لەبارەی پێکهێنانی، حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، ناوبراو دەڵێت: کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەبوو لەناو بارەگای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێت، نەک لە شارەکانی دیکەی عێراق بێت، دەبوو هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بوونایە، هەروەها کۆبوونەوەکە یاسایی نەبوو.

لای خۆیەوە، بەختیار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی، گوتی: ئەوەی لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا ڕوویدا پرۆسەیەکی گوماناوی بوو هەروەها شوێنەکەش گوماناوی بوو، هاوکات نایاسایی بوو.

ئەو چاودێری سیاسییە، ئاماژەی بەوە کرد، ڕاسە خەڵکی کەرکووک دڵخۆشن کە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دانراوە، بەڵام کورد لە بەرانبەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار چەندین پۆستی گرنگی لەدەست داوە.

گوتیشی: ئەوەی لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا ڕوویدا، هەمان ئەو گرووپە بوون کە لە نەینەوا بڕیاری گۆڕینی ژمارەیەکی به‌رپرسی ئیداری شاره‌كەیان دا.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment