محەممەد حاجی مەحموود: نازانین ڕێککەوتنەکەی هۆتێل ڕەشید چۆن کراوە

محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان

K24 – سلێمانی:

بەشێک لە حزبەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى تا ئێستە هەڵوێستیان سەبارەت بە کۆبوونەوەکەى هۆتێل ڕەشید دەرنەبڕیوە کە تێیدا پۆستەکانى ئیدارەى کەرکووک لە نێوان چەند لایەنێکدا دابەشکرا.

هێشتا ناوەڕۆکى ڕێککەوتنەکەى هۆتێل ڕەشید، لاى زۆرێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نادیارە، لە کاتێکدا هەموو کات دەگوترێت دۆخى کەرکووک تایبەت  و جیاوازە و لایەنێک ناتوانێت تاک لایەنە بڕیار لەسەر ئایندەى ئەو شارە بدات.

محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە تا ئێستە نازانین ڕێککەوتنەکە چۆنە چۆن کراوە هەمووی لە ژووری داخراودا کراوە، داوا دەکەین حزبەکان کۆببنەوە بۆ ئەوەی چارەیەک بۆ کێشەکان دابنێنن، لەبەر ئەوە ئێمە نازانین ڕێکەوتنەکان چۆن بووە چۆن کراوە، بەڵام ئەوەی دەیبینین لە دوورەوە پارێزگارێک بۆ کەرکووک دانراوە، هیوادارین ئەو پارێزگارە دووساڵ دووساڵ نەبێت هیوادارین هەر چوار ساڵەکە پارێزگار بۆ کورد بێت.

ڕێککەوتنى یەکێتى لەگەڵ سێ لایەنى عەرەبى نێو ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک، تێبینى زۆرى لەسەر ڕێککەوتنەکە دروست کردووە، چونکە بەشێکى دیکە لە لایەنەکان پێیان وایە، لەبەرانبەر بەدەست هێنانى پۆستى پارێزگار، کورد زۆرێک لە پۆستەکانى دیکەى کەرکووکی لەدەست داوە.

لای خۆیەوە حەسەن شێخانى، ئەندامى مەکتەبى سیاسی بزووتنەوەى ئیسلامى، بە کوردستان24ـی گوت: ڕێککەوتنەکە لە ئاستی خوارەوە زۆر خراپە جگە لە پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا چونکە زیاد 50%ـی پێکهاتەیەک بردوویەتی باقیەکەی 19 پۆستەکەیدی تورکمان بردوویەتی،  ئێمە 25%  بەربکەوێ؟ لەبەر ئەوە لە ئاستی سەرەوە ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەم قۆناخە وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا زۆر باشە بەڵام لەئاستی خوارەوە زۆر خراپە، خۆزگە ئەوەی کرا چۆن لە ئاستی سەرەوە دەستاو دەست دەکرێ لە ئاستی خوارەوەش بکرێت.

بەشيک لە حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پێیان وایە ئەو ڕێککەوتنەی لایەنێکی دیاریکراو بۆ پۆستەکانی پاريزگاری کەرکووک کردوویەتی لە ژوورە تاریکەکان کراوە و ئاگاداری هیچ شتێک لە ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە نین.