36ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت

36 ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 14 هەزار هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی پێشوەختە پلان بۆداڕێژراو ئەنفالکران.
شاڵاوی ئەنفال برینێکی سارێژنەکراو و مێژوویەکی ڕەشی حکوومەتی پێشووتری عێراقە لە قڕکردنی خەڵک و وێرانکردنی کوردستان، کە ڕژێمی بەعس بە بەرنامەیەکی پێشوەختە و پلان بۆداڕێژراو و بەشێوەیەکی زنجیرەیی و چڕ جینۆسایدکردنی کورد و وێرانکردنی کوردستان دەست پێ کرد.
لە 24ی ئاب 1988 گوندی سپیداری قەد پاڵی چیای گارە کەوتە ژێر چڕترین هێرش و ڕۆژی دواتری 25ی ئاب ئەم ناوچەیە بەر خەسترین هێرشی کیمیاباران کەوت، شاڵاوەکە گوندەکانی چیای گارەی بە درێژایی 30 کیلۆمەتری گرتەوە، کە نزیکەی پەنجا گوند دەبوو، لەلای باکوور گوندەکانی باوەڕکا، کەڤڕی، مێزێ، سپیندار، لەسەر چیای گارەش گوندەکانی گارەگۆ، زێوەشکان، زارکێ، سارتکێ، لە ئاراستەی باشووریش گوندەکانی سوارێ، ئاڤۆک و چەند گوندێکی دیکەی گرتەوە.
لە بەرەبەیانی 25ئاب فڕۆکە جەنگییەکان کیمیابارانی گوندەکانی برجینی شارەدێی زاوێتە و ئەوبەری زێی خابوور و هێسی و خەرابیا و یەکمالەی بەرواریان کرد. ئەگەر بەراوردێک لە نێوان چڕی بۆردومانەکە و ژمارەی قوربانیان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کاریگەری کیمیابارانەکە کەمترە، هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشمەرگە توانیان پێشتر هۆشیاری و ڕێنمایی خۆپاراستن بڵاو بکەنەوە. بەڵام مەڕو ماڵات و ئاژەڵی گوندەکان قڕیان کرد و باغ و زەوییە کشتووکاڵییەکان بەهۆی گازە ژەهراوییەکانەوە سووتان.
ئەنفالی بادینان کە لە 25ی ئابی 1988 دەستی پێکرد و 6ی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتایی پێهات، بە درێژایی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و قووڵایی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆی ئێستا، دەڤەرەکەی گەمارۆدا و ئاواییەکانی بناری زنجیرە چیاکانی (گارە، مەتین، بێخێر، شیرین، پێرس) و گوندەکانی دەوروبەری ڕووبارەکانی خابوور و زێی گەورە کەوتنە بەر شاڵاوەکە.
بەپێی لەبەڵگەنامە فەرمییەکانی ڕژێمی بەعس لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بادینان کە فەیلەقی 5ی سوپای عێراق و یەکە سەربازییەکانی سەر بەو فەیلەقە و ژمارەیەک فەوجی دیکە بەشدار بوون، لە 76 ناوچە شاڵاوی ئەنفال بەردەوام بوو، نزیکەی 700 گوند لە سنووری شارۆچکەکانی (زاخۆ، شێخان، ئامێدی، ئاکرێ، سێمێل و قەزای ناوەندیی پارێزگای دهۆک) وێران کران.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لەو شاڵاوەدا 13 ھەزار و 553 کەس دەستگیر و بزر کران. جگە لە شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی بەهۆی بۆمباران و کیمیابارانکردنی چەندین گوند ژمارەی قوربانیان بۆ 14 و 473 کەس بەرزبووەوە.
لەو ژمارەیە 3 ھەزار و 373 یان ئافرەت و 6 ھەزار و 964 یان منداڵ بوون. ھەروەھا ھەزار و 500 كەس بزر بوون و بەگشتیش 85 ھەزار هاووڵاتی لە گوند و زێدی خۆیان دەربەدەرکران و بەشێکیان ئاودیوی سنووری باکووری کوردستان و تورکیا بوون.
ئەو ئاوارانەی کە بەرەو باکووری کوردستان و تورکیا دەرباز بوون، سەرەتا حکوومەتی تورکیا ڕازی نەبوو داڵدەیان بدات. ئەوانەی سنووری تورکیاشیان بەزاند بەشێکیان ڕادەستی ڕژێمی بەعس کرانەوە، ڕێگەشی بە ڕێکخراوە مرۆیی و ڕۆژنامەنوسان نەدا سەردانیان بکەن و ڕاستی و دڕندەیی ڕژێمی بەعس بە جیهان بگەیەنن، دواجار لە ئایاری ساڵی 1989 بەشێک لەو هاووڵاتییانەی گەیشتبوونە تورکیا کە ژمارەیان سێ هەزار و 34 کەس بوو لە ئۆردوگایەکدا لە کردەیەکی هاوبەشی پیاوانی ڕژێمی بەعس و کاربەدەستانی تورکیا ژەهراوی کران.
ڕژێم هەر بە ئەنفالکردنی کورد لە دەڤەری بادینان نەوەستا، بەڵکو هێرشی کردە سەر گوندنشینە کریستیانەکانیش، دوای بۆردومانکردن و سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان، دانیشتوانەکەی هەندێکیان خۆیان دەرباز کرد و ئەوانی دیکەی دەسگیرکردن و خرانە مەڵبەندی کۆکردنەوەی ئەنفال لە بەندینخانەی سەلامیەی مووسڵ، ژمارەیەکیشیان کە بەگوێرەی زانیارییەکان 152 کەس بوون گولـلەباران کران، کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانی مێزێ لە سەرسەنگ، گوندە کۆسە لە دۆسکی، کانی بەڵاڤ لە بەرواری باڵا، گوندی باش، گوندی قارو لە نێروەییان و گوندی دەرکش لە ئامێدی بوون.
لە ئەنفالکردنی بادیناندا وێڕای هێرشی سەربازیی پاڵپشت بە هێزی ئاسمانی و تۆپخانە و تانک، هاوکات چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتیانی سڤیل بەکار هێنرا و لەو شاڵاوەدا بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی خەڵکی دەڤەرەکە ئەنفال کران و مزگەوت و کڵیسا و پەرستگای ئێزدییەکان، کە سەتان ساڵ بوو دیواریان بەیەکەوە بوو، خاپوور کران.
حکوومەتی ئێستای عێراقیش کە میراتگری ڕژێمی بەعسە، تاوەکوو ئێستاش ئامادە نییە ماددەی 132ی دەستوور جێبەجێ بکات کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دەستی ڕژێمی بەعس.