پۆلیسی ئەڵمانیا: گومانلێکراوێکی سووری دانی بە هێرشەکەی سۆلینگن داناوە

پۆلیسی ئەڵمانیا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، گومانلێکراوی سەرەکی چەقۆ وەشاندنەکەی شارۆچکەی سۆلینگن، کەسێکی بە ڕەچەڵەک سوورییە و خۆی ڕادەستی کردووە و دانیشی بە تاوانەکەیدا ناوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی ئەڵمانیا هاتووە، ئەو کەسەی خۆی ڕادەست کردووە هاووڵاتییەکی خەڵکی سوریایە و تەمەنی 26 ساڵە و دانی ناوە بەوەی کە لە هێرشەکەی چەقۆ وەشاندنی شارۆچکەی سۆلینگن تێوەگلاوە و ئێستاش لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە و پۆلیسی ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە، کە بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و هەشتی دیکەش بریندار بوون.
شەوی 23 لەسەر 24ی ئەم مانگە، لە کاتی ئاهەنگێڕانی 650 ساڵەی دامەزراندنی شارۆچکەی سۆلینگن، کە دەکەوێتە باکووری ڕاین وێستفالیا، کەسێک بە چەقۆ بە نێو خەڵکی بەشداربووانی ئاهەنگەکە کەوت و بە گوتەی ئەلیکساندەر کریستا، گوتەبێژی پۆلیسی دوسلدۆرف، چەقۆ وەشێنەکە دەستی لە هیچ کەسێک نە پاراستووە و بە هەرچوار دەوری خۆیدا چەقۆی وەشاندووە.