لە گەرمیان حەشدی شەعبی بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی دەستی بەسەر چەند ناوچەکەیدا گرت

هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی چوونەتە سنووری میحوەری یەکی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان و ناحیەی کوڵەجۆ و دەستیان بەسەر بیرە نەوتێکی ئەو سنوورەدا گرتووە.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-08-2024، هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدارن و بە 200 ئۆتۆمبێل، شۆفڵ، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی لە ناوچەی بۆشایی ئەمنی لە سنووری لیوای پێنجی پیادە لە گەرمیان هاتوونەتە ناحیەی کوڵەجۆ و دەستیان بەسەر بیرە نەوتێکدا گرتووە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوە سەربازییەی کوردستان24، هێزەکەی حەشدی شەعبی لە نزیکی بیرە نەوتەکە لە کوڵەجۆ سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەر و بەهێزکردنی پێگەکانیان.
هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی یەکێتی سەنگەرەکانیان بۆ حەشدی شەعبی جێهێشتووە و بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان، بیرە نەوتەکە و ناوچەیەکی بەرفراوانی گەرمیان ڕادەستی حەشدی شەعبی دەکەن.