فەرماندەیەکی پێشمەرگە: مەرامی حەشدی شەعبی داگیرکردنی کوڵەجۆ و بیرە نەوتەکانە

عەقید بەختیار بێسەری، لە لیوای پێنجی هێزی پیادەی پێشمەرگەی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی مەرامیان داگیرکردنی شاردێی کوڵەجۆ و بیرە نەوتەکانە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا قسەی کردووە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بیرە نەوتەکانی کوڵەجۆ و ناوچەکە جێ بهێڵن.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە گوتی: ئەو هێزە عێراقییەی هاتوونەتە ناوچەکە بە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنیدا دەرباز بوون. چەکدارانی حەشدی شەعبین و مەرامیان دەستبەسەر داگرتنی بیرە نەوتەکانی ناوچەکەیە و لە کاتژمێر 4:30ی خوولەکی بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتوونەتە سەر بیرە نەوتەکان و کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە، ئەو پۆلیسیانەشی کە پاسەوانی بیرە نەوتەکان بوون بەڕێ کراون.
گوتیشی: وەزارەتی پێشمەرگە قسەی لەگەڵ بەغدا کردووە و بە گوێرەی ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێمەی ڕاگەیاندووە، ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی چەند کاتژمێرێکی دیکە لە ناوچەکە دەکشێنەوە، بەڵام بە ئێمە ڕاگەیەندراوە سەقامگیریی ناوچەکە لەبەرچاو بگرین و پشێوی دروست نەبێت.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەو هێزە و هەر هێزێکی دیکە نیازی داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستانی هەبێت، ئەوا لە بستێک خاکی کوردستان خۆش نابین و خوێن و گیانمان لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستان بەخت دەکەین.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستی کەوتوون، یەكێتی دوای ڕێککەوتنی لەگەڵ حەشدی شەعبی، فەرمانی بە لیوای پێنجی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، ڕووبەڕووی هێزەکەی حەشدی نەبنەوە کە نزیکەی سێ هەزار چەکدارن؛ بە 200 ئۆتۆمبێل، شۆفڵ، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکەوە دەستیان بەسەر ناحیەی کۆڵەجۆدا گرتووە، چەندین سەنگەریان لێ داوە.