ئاراستە و مەبەستی ئەرک و ڕۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دیار نییە

هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق
هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

دوایین کۆبوونەوەی باڵای دیالۆگی ستراتیجی سەربازی و ئەمنیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و عێراقە لە واشنتن. بە گوتەی بەرپرسانی عێراق لەو کۆبوونەوانەدا کە زیاتر لە ساڵێکە دەستیان پێ کردووە، ئامانج ئەوەیە وادەیەک بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دیاری بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە لێدوانە فەرمییەکانی ئەمەریکا جیاوازن و ئاماژە بەوە دەکەن لە هیچ یەکێک لە کۆبوونەوەکان باس کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نەکراوە.

ئینتیفاز قەنبەر، شرۆڤەکاری پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەڵێت: هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بریتی نییە لە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا. حکوومەتی عێراق پێویستی بە هێزەکانی ئەمەریکا هەیە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی بۆ ئەوەی شەڕی داعش بکەن و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە بپارێزن. عێراق لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێت. ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا عێراق جێبهێڵن، ئەوا ڕەنگە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دابخرێت. ئەو هێزانە هیچ تێچوویەکیان لەسەر عێراق نییە و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لەوێن. بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە و شەڕی غەززە و فراوانبوونی جەنگەکە لە ناوچەکەدا، پێموایە گرنگە هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوە. هاوکات رۆڵی ئەو هێزانەی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیكردنی هێزەکانی لە سووریاش گرنگە. بۆیە من پێم وایە ئەمەریکا هێزەکانی لە عێراق ناکێشێتەوە.

 ئەمەریکا نزیکەی 40 هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کە لە عێراقدا ژمارەیان لە نێوان 2500 تاوەکو 3000 سەربازە کە زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن.

جەنگ ساگنیک، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: زۆر گرنگە بزانین ئایا هێزەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق دەکشێنەوە ئاخۆ لە هەرێمی کوردستانیش دەکشێنەوە یان هێزەکانی دەهێڵێتەوە؟ چونکە ئەم دوو بڕیارە دەبێت لە یەکترییەوە جیاواز بن، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئیدارەی ئەمەریکا بە فەرمیی ڕۆڵی هێزەکانی بۆ قۆناغێ داهاتوو لە عێراق دیار نەکردووە. هەرچەندە حکوومەتی عێراق لە ژێر فشارێکی بەهێزی ئێرانە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم پرسە. ئەمەریکاش لە ناوخۆدا لە ژێر فشاردایە و بۆچوونێک دروستبووە بۆ ئەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشێتەوە چیتر بەشداری لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان نەکەن.

لە ساڵی 2014 بە ڕێککەوتنێک لەنێوان واشنتن و بەغدا لەچوارچێوەی هاپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمەریکا هێزی ڕەوانەی عێراق کرد، دواتر لە ساڵی 2019 ئەرکیان لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی پێدانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و زانیاری هەواڵگری بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق گۆڕا.

زیاتر لە ساڵێکە گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا بەڕێوە دەچێت بۆئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تەنیا لەچوارچێوەی ئەمنی و سەربازی نەمێنێتەوە. هاوکات ڕۆڵی داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دیاری بکرێت یاخود وەک ئەوەی بەرپرسانی عێراق دەیڵێن هێزەکانی ئەمەریکا بە یەکجاری وڵاتەکە جێ بهێڵن.