یادی 36 ساڵەی ئەنفالی بادینان لە دهۆک کرایەوە

یادکردنەوەی ئەنفالکراوانی 36 ساڵ لەمەوبەری بادینان
یادکردنەوەی ئەنفالکراوانی 36 ساڵ لەمەوبەری بادینان

بە ئامادەبوونی کەسوکاریان، یادی 36 ساڵەی ئەنفالی بادینان لەدهۆک کرایەوە، ئەو پرۆسە بەدناوەی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس  دژ بە خەڵکی کوردستان لە گەرمیان و بادینان و بارزان بێ جیاوازیی ئەنجامی دا لەپێناو قڕکردنی میللەتێک.

یەکشەممە 25ـی ئابی 2024، بەچاودێریی عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، نەوزاد عەبدوڵڵا بەپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، هاوکات بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان، یادی 36 ساڵەی ئەنفالی دەڤەری بادینان لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی پارێزگای دهۆک کرایەوە.

لە یادکردنەوەکەدا، ژیان مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پارێزگای دهۆک لە گوتەی دەستپێکدا ئاماژەی بەو تاوانە قێزەوەنەی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس کرد کە 36 ساڵ لەمەوبەر دەرهەق بە خەڵکی بێتوانی بادینان ئەنجامیدا.

دواتر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەنفالی بادینان و هەر حەوت قۆناغی پێشتری ئەنفال، تاوانێکی گەورەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، داواشی کرد کە حکوومەتی ئێستای عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە و ڕووفاتی ئەوانی دیکەش لە ئەنفالکراوان بدۆزێتەوە کە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە، گوتیشی: مۆزەخانەیەکی نیشتمانی بۆ تاوانی ئەنفال، لەسەر داخوازی خانەوادە و کەسوکاری ئەنفالکراوان دروست دەکەن.

دواتر فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر تاوانی ئەنفال نیشانی ئامادەبووان درا و 36 مۆم داگیرسێندرا، لەگەڵ ئەوەشدا پەرتووکی نووسەر خالید بادی دەربارەی ئەنفال بەسەر کەسوکاری ئەنفالکراواندا دابەشکرا.

لە 24ی ئاب 1988 گوندی سپیداری قەد پاڵی چیای گارە کەوتە ژێر چڕترین هێرش و ڕۆژی دواتری 25ی ئاب ئەم ناوچەیە بەر خەسترین هێرشی کیمیاباران کەوت، شاڵاوەکە گوندەکانی چیای گارەی بە درێژایی 30 کیلۆمەتری گرتەوە، کە نزیکەی پەنجا گوند دەبوو، لەلای باکوور گوندەکانی باوەڕکا، کەڤڕی، مێزێ، سپیندار، لەسەر چیای گارەش گوندەکانی گارەگۆ، زێوەشکان، زارکێ، سارتکێ، لە ئاراستەی باشووریش گوندەکانی سوارێ، ئاڤۆک و چەند گوندێکی دیکەی گرتەوە.

لە بەرەبەیانی 25ئاب فڕۆکە جەنگییەکان کیمیابارانی گوندەکانی برجینی شارەدێی زاوێتە و ئەوبەری زێی خابوور و هێسی و خەرابیا و یەکمالەی بەرواریان کرد. ئەگەر بەراوردێک لە نێوان چڕی بۆردومانەکە و ژمارەی قوربانیان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کاریگەری کیمیابارانەکە کەمترە، هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشمەرگە توانیان پێشتر هۆشیاری و ڕێنمایی خۆپاراستن بڵاو بکەنەوە. بەڵام مەڕو ماڵات و ئاژەڵی گوندەکان قڕیان کرد و باغ و زەوییە کشتووکاڵییەکان بەهۆی گازە ژەهراوییەکانەوە سووتان. 

ئەنفالی بادینان کە لە 25ی ئابی 1988 دەستی پێکرد و 6ی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتایی پێهات، بە درێژایی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و قووڵایی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆی ئێستا، دەڤەرەکەی گەمارۆدا و ئاواییەکانی بناری زنجیرە چیاکانی (گارە، مەتین، بێخێر، شیرین، پێرس) و گوندەکانی دەوروبەری ڕووبارەکانی خابوور و زێی گەورە کەوتنە بەر شاڵاوەکە.

بەپێی لەبەڵگەنامە فەرمییەکانی ڕژێمی بەعس لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بادینان کە فەیلەقی 5ی سوپای عێراق و یەکە سەربازییەکانی سەر بەو فەیلەقە و ژمارەیەک فەوجی دیکە بەشدار بوون، لە 76 ناوچە شاڵاوی ئەنفال بەردەوام بوو، نزیکەی 700 گوند لە سنووری شارۆچکەکانی (زاخۆ، شێخان، ئامێدی، ئاکرێ، سێمێل و قەزای ناوەندیی پارێزگای دهۆک) وێران کران.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لەو شاڵاوەدا 13 ھەزار و 553 کەس دەستگیر و بزر کران. جگە لە شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی بەهۆی بۆمباران و کیمیابارانکردنی چەندین گوند ژمارەی قوربانیان بۆ 14 و 473  کەس بەرزبووەوە.

لەو ژمارەیە 3 ھەزار و 373 یان ئافرەت و 6 ھەزار و 964 یان منداڵ بوون. ھەروەھا ھەزار و 500 كەس بزر بوون و بەگشتیش 85 ھەزار هاووڵاتی لە گوند و زێدی خۆیان دەربەدەرکران و بەشێکیان ئاودیوی سنووری باکووری کوردستان و تورکیا بوون.

Fly Erbil Advertisment