هەڵگورد شێخ نەجیب: کارکردن بە گرووپ و تیم وۆرک یەکێکە لە بنەماکانی سەرکەوتنی ئیدارەدان

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت: کارکردن بە گرووپ و تیم وۆرک یەکێکە لە بنەماکانی سەرکەوتنی ئیدارەدان، دەڵێت: نابێت فەرمانگەیەک ژووری بەڕێوەبەری لە ژووری پێشوازی باشتر بێت.
رۆژی یەکشەممە 25ــی ئابی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران و تیمی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سۆرانی کرد.
لە سەردانەکەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشەکان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی بەسەرکردەوە.
دواتر لەگەڵ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە کەپێویستە نوێگەری لە ئیدارەدان بکەن بۆ ئەوەی لە شوێنەکانی دیکەش چاویان لێبکرێت، گوتی: باشترین ئیدارەدان ئەو ئیدارەدانەیە کە ئەمڕۆی باشتربێت لە دوێنێ و سبەینێی باشتربێت لە ئەمڕۆ، گوتیشی: نابێت فەرمانگەیەک ژووری بەڕێوەبەری لە ژووری پێشوازیی باشتر بێت ، لەناو ئەو فەرمانگەیە ئێوە ساحێب ماڵن و سەردانیکەر میوانە، بۆیە بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی زیاتر مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتیانە، پێویستە زۆر ڕێزی هاووڵاتیان بگرن".
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "کارکردن بە گرووپ و تیم وۆرک، یەکێکە لە بنەماکانی سەرکەوتنی ئیدارەدان، هەر بەڕێوەبەرێک و بەشێک بە گرووپ کارنەکەن، لە کارەکانیان شکست دەهێنن و سەرکەوتوو نابن".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: "بەرێوەبەر دەبێ یەکەم کەس بێتە دەوام و دواین کەس بچێتەوە، بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی دیکەش هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن".