سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لەمڕۆوە بازاڕێکی نوێ بە ڕووی جووتیارانماندا دەکرێتەوە

بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و ئوردن ئیمزا کرا
بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و ئوردن ئیمزا کرا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئیمزاکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن ڕایگەیاند: لەمڕۆوە، بازاڕێکی نوێ بە ڕووی جووتیارانماندا دەکرێتەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: "خۆشحاڵبووم کە ئەمڕۆ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتنمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن واژۆ کرد، لەمڕۆوە، بازاڕێکی نوێ بە ڕووی جووتیارانماندا دەکرێتەوە".

ڕۆژی 25ـی ئابی 2024، بە چاودێری و سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور، یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن، لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک ئیمزا کرا، کە بڕیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، ئوردن هەندێک لە بەروبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لەوانە پەتاتە، هاوردە بکات.

هاوکات بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو یاداشتنامەیە لە 10 ماددەی جیاواز پێک هاتووە، بەڵام 13 بڕگەی جەوهەری لە خۆگرتووە، کە چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەسەر سێکتەری کشتوکاڵ بە هەردوو بەشی ڕووەکی و پەلەوەری و بەرووبومە ئاژەڵییەکان و کارگەکان، کە لە بواری پیشەسازی خۆراک کاردەکەن لە هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە دەبێتە ئەزمونێکی نوێ لە کۆی ئەو ئەزموونانەی کە هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا پێیدا تێ پەڕیووە، هەروەها بەتایبەتی لە ماوەی پێنج ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان.