پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان ڕایگەیاند، کاتێک هێزێکی حەشدی شەعبی هاتە سنووری ناحیەی کۆڵەجۆ، کارمەندەکانیان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حەشدی شەعبی و جێگیربوونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە.
یەکشەممە 25ـی ئابی 2024 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ بە ئاراستەی چەند بیرە نەوتێک لە قەزای کفری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جووڵەیان کرد، کە خاڵێکی هێزەکانی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە شوێنەکەیە کە ئەرکی پاراستنی کێڵگەو بیرەنەوتییەکانی ئەو دەڤەرەیان لەئەستۆ دایە.
پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان، ئاماژەی بەوە دا، بەداخەوە کەناڵێک بەبێ بوونی هیچ زانیارییەک هەواڵی چەککردن و لێدانی کارمەندێکیانی بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کارمەندەکانیان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حەشدی شەعبی و جێگیربوونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات، لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانە پاپەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بە ئەمانەتەوە بگوازنەوە.
دەقی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان:
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکانەوە
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ بە ئاراستەی چەند بیرە نەوتێک لە قەزای کفری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جووڵەیان کرد کە خاڵێکی هێزەکانی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە شوێنەکەیە کە ئەرکی پاراستنی کێڵگەو بیرەنەوتییەکانی ئەو دەڤەرەیان لەئەستۆ دایە.
بەداخەوە کەناڵی ڕووداو بە بێ بوونی هیچ زانیارییەک هەواڵی چەککردن و لێدانی کارمەندێکمانی بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حشدی شەعبي و جێگیربونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە.
داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانە پاپەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بە ئەمانەتەوە بگوازنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان