ئەحمەد گەرمیانی: بڕیارەکەی مەسرور بارزانی سەقامگیریی دەروونی بۆ مامۆستایان دروست دەکات

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە مامۆستایانی گرێبەست، دڵنیایی و سەقامگیریی دەروونیی بۆ مامۆستایان دروست دەکات.
یەکشەممە 25ـی ئابی 2024، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مامۆستایانی وانەبێژ دڵخۆشن بەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە مامۆستای گرێبەست، گوتی: 38 هەزار مامۆستا دڵنیا دەبن لە ئایندەیان، سەقامگیریی دەروونیان بۆ دروست دەکات، هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بکرێنە هەمیشەیی.
گوتیشی: مامۆستایان کۆڵیان نەداوە و خۆڕاگربوون، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ دووجار خۆڕاگر بوون و بەردەوام بوون، بەتایبەت لە قوتابخانە دوورە دەستەکان و گوندەکان، وزەیەکی زیاتریان بۆ پەروەردە خەرج دەکرد.
دەڵێت: ئەمڕۆ کە سەرۆکوەزیران بڕیاریدا، بەزووترین کات وەزارەتی پەروەردە ڕێکارەکان جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن وانەبێژان وەک مامۆستای گرێبەست دەوام بکەن.
ئەحمەد گەرمیانی گوتی: سەرباری قەیرانە ئابوورییەکان، هەنگاوی باش نراوە و بڕێکی باش پارە بۆ قوتابخانەکان دابین کرا بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان، بەڵام پەروەردە پێویستی بە پشتیوانی زیاترە، بۆیە پێویستە پارەیەکی زیاتر بۆ سێکتەری پەروەردە تەرخان بکرێت و ڕاهێنانی باش بە مامۆستایان بکرێت و مامۆستای باش دروست بکرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە، پێویستە وەبەرهێنانی باش لە پەروەردە بکرێت بە کوالێتی بەرز.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند: ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێی خوێندن کراوە، گوتی: سەرباری ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی بەبیانووی بێ بنەما مووچەی خەڵکی کوردستان نانێرێت، بەڵام مامۆستایان کۆڵنادەن و بەردەوام دەبن، گوتیشی: پێویستە حکوومەتی عێراقی بە یەکسانی چاو لە مامۆستایان بکات و ئەو مامۆستایانەی ئەمڕۆ بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرانە گرێبەست، دایانبمەزرێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئابی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.