سیپان شێروانی: عێراق ئابڵوقەی ئابووری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، شرۆڤەکارێکی ئەمنی و پسپۆرێکی ئابووری، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان کە ژینۆ محەممەد پیشکەشی کرد، ڕایانگەیاند: جیاکاری لە دابەشکردنی مووچە دەکرێت لەنێوان پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات جەختیان لەوە کردەوە، کە نابێت پرسی مووچە تێکەڵاوی پرسە سیاسییەکان بکرێت.
لە دەستپێکدا، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: بەغدا هەمیشە هۆکارێک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، هەروەها عێراق ئابڵوقەی ئابووری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زامن کراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بە سیاسی کراوە، هەروەها تەیف سامی، وەزیری دارایی خۆی لە سەرووی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەبینێت.
سیپان شێروانی، بە نیگەرانییەوە گوتی: بە داخەوە هەندێک لە لایەنەکان لە بەغدا هێشتە سیاسەتێکی شۆڤینی درێژەپێدەری هەمان ئەقڵیەتی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی پەیڕەو دەکەن.
هاوکات گوتیشی: وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پێشێل کردووە و ئەوەشی بەرگریی لە تەیف سامی بکات جاشە. ئاماژەی بەوەش کردووە، تەیف سامی ماددەی 121ـی دەستووری پێشێل کردووە.
لەلایەکی دیکەوە غانم عابد، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: عێراق ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە، هەروەها بەرپرسانی حکوومەتی عێراق خۆیان لە بەڵێنەکان دەدزنەوە.
باسی لەوەش کرد، بەغدا یاری بە قوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕێگری لە داواکارییەکانی کورد دەکات. ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە، نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەهەندی سیاسیی هەیە.
لای خۆیەوە ئەحمەد عەبدڕەبە، پسپۆری ئابووری، گوتی: دەبێت مووچەی مووچەخۆران هێڵی سوور بێت، هەروەها دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت پرسی مووچە تێکەڵاوی پرسە سیاسییەکان بکرێت و ڕاگرتنی مووچە بە بیانووی ناوی دووبارە پێکەنیناوییە. ناوبراو گوتیشی: جیاکاری لە دابەشکردنی مووچە دەکرێت لەنێوان پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەو پسپۆرە ئابووریە سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە بدات. هاوکات دەڵێت: پێویستە بەپێی دەستوور پرسی مووچە چارە بکرێت.