کەسوکاری ئەنفالکراوێک: خەڵکی هەولێر جلی منداڵەکانی خۆیان لەبەر دەکردەوە و بۆ ئێمەیان دەهێنا

هاووڵاتییانی کۆمەڵگەی جێژنیکان سوپاسی خەڵکی شاری هەولێر دەکەن کە لە شاڵاوی ئەنفالدا بەهانایانەوە هاتن و ڕزگارییان کردن، حوسێن کە ڕزگاربووێکی ئەنفالە دەڵێت: خەڵکی هەولێر بێشکە و جلە منداڵەکانی خۆیان دەهێنا بۆ منداڵەکانی ئێمە.
ئەمڕۆ 36 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شاڵاوی ئەنفالی بادینان کە بەهۆیەوە زیاتر لە 14 هەزار هاووڵاتی لە سنوورەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە شەهید و بریندار کران.
لە پرۆسەی ئەنفالدا، ڕژێمی بەعس خەڵکی سڤیلی گوند و دێهاتەکانی بادینانی ڕاگواست بۆ هەردوو کۆمەڵگەی بەحرکە و جێژنیکان، دوای 36 ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو تاوانە، هێشتا هەندێک لەوان لەو کۆمەڵگایانە ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
لە کۆمەڵگەی جێژنیکان هیچ ماڵێک نییە، ئەندامێکی خێزانەکەیان ئەنفال نەکرابێت، زوبێر ئیسماعیل شەش ئەندامی خێزانەکەی لە پرۆسەی ئەنفالدا بێ سەرو شوێن بوونە و باس لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ئەنفال دەکات، دەڵێت: ئێمە گوندمان جێهێشت، ئەوان هاتنە سەر ماڵەکانمان، چێڵێکمان لە دار بەستبۆوە، چێلێکیشمان کوشتبۆوە بۆ خواردن، ئەوان کە هاتنە سەر ماڵمان، بەچاوی خۆمان بینیمان لە دوورەوە، ئاگرییان لە ماڵەکەمان بەردا، دەڵێت: 800 منداڵ لە چەند هەفتەیەکدا مردن، جگەلە پیرەژن و پیرەمێرد نەیانتوانی بەرگە بگرن و گیانیان لەدەستدا.
سادق محەمەد کەسوکاری ئەنفالە و دەڵێت: تا ماوین جوامێریی هەولێر لەبیر ناکەین، گوتی: ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەولێر هاوکاری ئێمەیە و ئامادەیە بۆ هەموو پشتیوانیەکی ئێمە.
حوسێن موستەفا باوک و مامی ئەنفال کراوە و دەڵێت: خەڵکی مەردی هەولێر کە جێی ڕێز و تەقدیرن لای ئێمە، خۆیان لە بازگەی ڕژێمی بەعس دەدا و خۆیان لە سیم دەدا و ڕێگەیان کردەوە، بە پیر و گەنج و گەورە و بچووک هاتن، هەموو شتێکیان بۆمان هێنا تا دەگاتە لانکی منداڵان، سەموون و ئاویان دەهێنا، جلی منداڵەکانی خۆیان لەبەر دەکردەوە و بۆ ئێمەیان دەهێنا، زۆر هاوکارییان کردین، دەستیان ماچ دەکەین، هەرگیز چاکەی هەولێر لەبیر ناکەین.
دەشڵێت: سوپاسی ئەو دایک و خوشکانە دەکەم کە ئێمەیان لە دەستی ڕژێمی بەعس پاراست، کاریان دەکرد بۆ ئەوەی ئێمە بژین، ژیانی ئێستای ئێمە بە دەستی ئەوان بوو.
بەپێی بەڵگەکان، لەو شاڵاوەدا زیاتر لە 13 هەزار و 553 کەس بێسەر و شوێن کران، جگەلە شەهیدبوون و برینداربوونی زیاتر لە 14 هەزار هاووڵاتی بەهۆی بۆردوومان و کیمیابارانەوە، حکوومەتی عێراقیش تا ئێستا ئامادە نییە ماددەی 132ـی دەستوور جێبەجێ بکات کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوی ئەنفال.