وەفا محەممەد: پێویسته لێكۆڵینهوه له چۆنیهتی هاتنی هێزهكهی حهشدی شهعبی بكرێت

K24 – هەولێر:
شرۆڤەكارێکی سیاسی، دەڵێت: ناكرێت ئهو هێزهی حهشدی شهعبی بهبێ ههماههنگی هاتبێتە کۆڵەجۆ، هەروەها پێویسته لێكۆڵینهوه له چۆنیهتی هاتنی هێزهكهی حهشدی شهعبی بكرێت.
وەفا محەممەد، شرۆڤەكاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ کۆڵەجۆ درێژەپێدەری ئەو ستەم و هەڕەشانەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی چاوەڕوانکراو بوو، چونکە کاتێک لە 10ـی ئاب یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی وەرگرت، ڕازی بوو بە ڕادەستکردنی سەرجەم پۆستە ئەمنی و سەربازییە گرنگەکان لە ئیدارەی کەرکووک.
ناوبراو پێی وایە، کە جموجۆڵهكهی حهشدی شهعبی جێگهی گومان بوو. هاوکات دەڵێت: ناكرێت ئهو هێزهی حهشدی شهعبی بهبێ ههماههنگی هاتبێت. جەختی لەوە کردەوە، کە پێویسته لێكۆڵینهوه له چۆنیهتی هاتنی هێزهكهی حهشدی شهعبی بكرێت.
وەفا محەممەد، گوتی: باشە دەپرسین هێزی حەشدی شەعبی بۆ ناتوانێت بێتە ئەو سنوورانەی کە پێشمەرگەی پارتی تێدایە؟ چونکە دەزان تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و لوتشکاندن دەبنەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئابی 2024) یەکێتی ناحیەی کۆڵەجۆی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.
ناحیەی کوڵەجۆ سەر بە قەزای کفرییە، ناوچەیەکی کشتوکاڵیی گەورە و دەوڵەمەندە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەلار – گوڵاڵە، بە دووری 15 کیلۆمەتر لە قەزای کەلار، سەرجەم دانیشتووانی کۆڵەجۆ و گوندەکانی دەوروبەری کوردن.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدار دەبوون بە 200 ئۆتۆمبێل، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکەوە، دەستیان بەسەر ناحیەی کۆڵەجۆدا گرت، چەندین سەنگەریان لێ دا و گوتیان: بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هاتووین و هەر لایەنێک ڕێگریمان لێ بکات، ڕووبەڕووی دەبینەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستی کەوتووە، یەكێتی فەرمانی بە لیوای پێنجی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کردبوو، کە ڕووبەڕووی هێزەکەی حەشدی نەبنەوە، چونکە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردوون.