عێراقچی: وەڵامدانەوەی ئیسرائیل یەکلایی بووەتەوە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە

عەباس عێراقچی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران
عەباس عێراقچی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیای ڕاگەیاندووە، وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هێرش و زێدەرڕۆییەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بڕیارێکی یەکلاییکراوەیە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.

عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: لەم دوو ڕۆژەدا وەزیرانی دەرەوەی میسر، تورکیا، سعوودییە، ئازەربایجان، ئەرمینیا و ئیتاڵیان بۆ پیرۆزبایی پەیوەندییان پێوەی کردووە و ئەولەوییەتی سیاسەتی چواردەهەمین کابینەی حکوومەتی ئێرانیش بە ئاراستەی ناوچەیەکی بەهێزی یەکگرتووە لە ڕێگەی گفتوگۆ و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.

هەروەها نووسیویەتی: فەرهەنگ و پەیوەندییە مێژوویی و هەڵکەوتەی جوگرافیایی لەگەڵ بەشێک لەو وڵاتانە زیاتر جێگەی بە‌هێزکردنی پەیوەندیی و بەرژەوەندییە دوولایەنەکان بووە.

عێراقچی، ئاماژەیەکی تایبەتی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا داوە و نووسیویەتی: بە وردی و ڕاشکاوانە لە بارەی دۆخی ناوچەکە قسەم لەگەڵ ئانتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کردووە و پێیم گوتووە وەڵامی تاران بۆ زێدەڕییە تیرۆریستییەکەی ڕێمی ئیسرائیل یەکلایی بووەتەوە، وەڵامدانەوەکەش ورد و کەمەر شكێن دەبێت.

هەروا نووسیویەتی: هەرچەندە ئێران هیچ ترس و نیگەرانییەکی نییە، بەڵام پێچەوانەی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی بە دوای فراوانکردنی ئاڵۆزییەکانەوە نییە.

بەرەبەیانیی چوارشەممە 31ـی تەممووز 2024، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانە تایبەتەکەی لە هێرشێکدا لە شوێنی حەوانەوەیاندا لە تارانی پایتەختی ئێران کوژران، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە هەنییە بۆ بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی ئێران لە تاران بوو، ئەمەش تاران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل بدات، بەڵام نزیکەی مانگێک بەسەر ڕووداوەکە تێدەپەڕێت و ڕۆژانە چەندین جار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەکە لەلایەن بەرپرسانی سیاسیی و سەربازی ئێران دووبارە دەکرێتەوە.