وردبینی لە لیستی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردن کۆتایی هات

دەنگدان
دەنگدان

وردبینی لە لیستی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە و ڕێکارەکانی دیکە دەست پێ دەکەن.

دووشەممە، 26-08-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وردبینی لە لیستی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هەردوو دەستەی دەستپاکی هەرێم و عێراقەوە کۆتایی هاتووە.

وەکو ئەوەی عیماد جەمیل باسی کرد "هیچ کاندیدێک بەهۆی پێشینەی خراپ یاخود تاوانەوە لە کاندیدبوون دوورنەخراوەتەوە، لیستی ناوەکان نێردراوەتەوە بۆ کۆمسیۆن و لەم هەفتەیدا ڕێکارەکانی دیکە دەست پێ دەکەن".

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونیشی کردەوە، هەنگاوی دواتریان چاپکردنی کاغەزی دەنگدانە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.