داواکاری گشتیی بەریتانیا دۆسیەی قەدەغەی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەجوولێنێت

داواکاری گشتیی بەریتانیا، ڕیچارد هێرمەر، دۆسیەی قەدەغەی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە دەجووڵێنیت، ئەمەش بەهۆی شەڕی بەردەوامی غەززەوەیە، هەروەها ترسی ئەوەی هەیە چەکی بەریتانیا بۆ پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنرێت.

هێرمەر، بە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی گوت: ناتوانێت قەدەغەکردنی چەک پەسەند بکات بەبێ ئەوەی بزانێت ئایا بەکارهێنانیان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە یاخود نا.

ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت: هۆی سەرەکیی دواکەوتنی بڕیاردان لەسەر هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل "ململانێی یاسایی بووە لەسەر ئاستی باڵای حکوومەت"، کە لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەستیارتر بووە.

ڕۆژنامەکە، لەزاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاوی کردووەتەوە "حکوومەت پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی، ئێمە ڕوونمان کردووەتەوە کە هیچ شتێک هەناردە ناکەین کە بۆ ئەنجامدانی پێشێلکاریەکی گەورەی یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی بەکار بهێنرێت. حکوومەتی بەریتانیا پێداچوونەوە دەکات بۆ ئەوەی ئایا ئیسرائیل پابەند دەبێت بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکان یاخود نا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە، نوێکردنەوەکە پێشکەش دەکەین".

دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: پێداچوونەوە بە بەرنامەی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەستی پێ کردووە، پێشتریش باس لە قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی هێرشبەر کراوە.

هەناردەکردنی چەکی بەریتانیا بۆ ئیسرائیل بە نزیکەی 18 ملیۆن پاوەند (23.7 ملیۆن دۆلار) دەخەمڵێنرێت.

حکوومەتی نوێی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی پارتی کرێکاران هەڵوێستێکی جیاوازتری لە پارتی پارێزگاران گرتووەتە بەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا.