بەشار ئەسەد: هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بێ ئەنجام بوون و هیچ گۆڕان و پێشکەوتنێک نەبووە.

ئەسەد، لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتارێکی لەسەر دۆخی ناوخۆی سووریا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: دەستپێشخەری و هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا تاوەکوو ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە کە شایەنی باسکردن بێت.

هەر لە گوتارەکەیدا، ئەسەد بەبێ دایاریکردنی هۆکانی سەرنەگرتنی هەوڵەکان، ئاماژەی داوە "وڵاتانی نێوەندگیر پەرۆشی زۆریان پێشان داوە و هەوڵی زۆریشیان داوە بۆ ئەوەی نێوەندگیرێکی باش بن و پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە ئاسایی بکەنەوە، بەڵام هیچ بەرەو پێشچوونێک نەبووە".

لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا بۆ لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات، لە ساڵی 2011 و پاش ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی بە ناوی بەهاری عەرەبی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی گرتەوە و بووە هۆی گۆڕینی چەندان دەسەڵات و حکوومەت، پەیوەندییەکانی تورکیا - سووریا ئاڵۆزی تێکەوت و پچڕا؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا تورکیا لە ئاستی سەرۆکایەتییدا چەندین جار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵوێستی فەرمیی ڕاگەیاندووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، هەر بۆ ئەم مەبەستەش ڕووسیا هەوڵی تەواوی داوە تاوەکوو پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بکرێتەوە.