ئەم ساڵ زیاتر لە 21 ملیۆن زیارەتکار بەشداریان لە یادی چلەی ئیمام حوسێن کردووە

خەرجییەکانی یادکردنەوەکە لەسەر عێراق زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار بووە

دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا - ئەرشیف
دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا - ئەرشیف

ئاماری گشتیی بەشداربووانی یادی چلەی ئیمام حوسێن بڵاوکرایەوە کە زیاتر لە 21 ملیۆن و 480 هەزار زیارەتکار بەشدار بوون و حکوومەتی عێراقیش 3.5 ترلیۆن دیناری بۆ پرۆژەکانی خزمەتکردنی زیارەتکاران خەرج کردووە.

ئەمێندارێتی گشتیی عەتەبەی عەباسی لە عێراق، کە سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن دەکات، ڕایگەیاندووە "ئەم ساڵ 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 زیارەتکار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشداریان لە ڕێوەڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن کردووە".

هەر لە بارەی سەرخستنی پرۆسەی یادی چلەی ئیمام حسێن، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران عێراق ڕایگەیاندووە، بۆ سەرخستنی پلانی ئەم ساڵی پێشوازیی لە زیارەتکاران، بڕی سێ ترلیۆن و 500 ملیار دیناریان بۆ دامەزراندنی 36 پرۆژەی خزمەتگوزاری پەیوەست بە پێشوازیی لە زیارەتکاران خەرج کردووە، لەم چوارچێوەیەشدا قۆناغێکی گرنگیان لە پرۆژەی میترۆی نێوان کەربەلا - نەجەفیان بڕیوە.

هەروەها دەستەی سەرپەرشتیی زیارەتکارانی ئێرانی ڕایگەیاندووە "کە ئەم ساڵ سێ ملیۆن و 622 هەزار و 254 زیارەتکاری ئێران بۆ بەشداری لە یادی چلەی ئیمام حوسێن چوونەتە عێراق لە کۆی زیارەتکارانی ئێرانیش 59 کەس مردوون کە بەراورد بە ساڵی ژمارەی مردنی زیارەتکارانی ئێرانی لە عێراق بە ڕێژە 50% کەمی کردووە".