دەست بە ڕێکارەکانی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە ڕێکارەکانی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 26-08-2024، ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەروەردەییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی کردووە؛ داوای کردووە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو تەواو بکرێت بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆ، بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی دابمەزرێندرێن.
دوای ئەوەی پرۆسەی وردبینی تەواو دەکرێت، لیستەکان بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە دەگەڕێندرێتەوە. وەکو ئەوەی لە نووسراوەکەی وەزیری پەروەردەدا هاتووە، 05-09-2024، کۆتا وادەی گەڕاندنەوەی لیستەکانە.
یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە "سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە. "
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە".
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد دوای ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی بۆ نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە ماوەی مانگێکدا دەرکرد.
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە "هەنگاوێکی گرنگ و گەورە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا" دەزانن و دەڵێن، "گرێبەستکردنی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ بڕیارێکی ئازا و بوێرانە بوو کە بووە جێگەی ڕەزامەندی و دڵخۆشی هەزاران خێزان و گەنجی ئەم نیشتمانە" .
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییان بە "خەمخۆری پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن" ناو بردووە و دەڵێن، "ئەم بڕیارە سەلمێنەری ئەوەیە سەرۆکی حکوومەت سەرەڕایی دڵسۆزیی بۆ پەروەردە و فێرکردن، هەروەها خەمخۆر و دڵسۆزە بۆ مافی مامۆستایان".