گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە: بڕیارەکەی مەسرور بارزانی بۆ وانەبێژان سەقامگیریی لە پرۆسەی پەروەردەدا دروست دەکات

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت: ڕێکارەکانی کردنی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست بە مانگێک تەواو دەکرێن، دەشڵێت: بڕیاڕەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەقامگیریی لە پرۆسەی پەروەردەدا دروست دەکات.

دووشەممە 26ـی ئابی 2024، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  پێش ساڵی 2020، پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەست کرانە هەمیشەیی، ئەوەش دەستکەوتێکی گرنگ بوو، بڕیاڕی ئەمجارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ کە نزیکەی 38هەزار مامۆستان بۆ ئەوەی بگرێنە گرێبەست، بڕیاڕێکی گرنگ بوو، چونکە ئەوا مامۆستایانە بەشێکن لە پێکهاتەی خێزانە گەورەکەی وەزارەتی پەروەردە، هەر یەکەیان خزمەتی خۆیان دەکەن، دەڵێت: مافی خۆیان بوو لە سەرەتاوە پشتیگریی داوای ئەوانمان کردووە، گوتی: لە سەرەتای ئەمساڵدا لیستی ناوی وانەبێژانی هەرێمی کوردستانمان ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی عێراقیی و وەزارەتی پەروەردەی ئەو حکوومەتە کرد، بەداخەوە ئەوان هیچ وەڵامێکیان نەبوو، هەر لەمساڵدا ئەوان زیاتر لە ملیۆنێک کەسیان دامەزراندووە کە هیچ بەشێکی هەرێمی کوردستانی تێدا نەبوو، ئەمە نیگەرانی لای ئێمە و خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەڵام خۆشبەختانە لەو بارودۆخە ناهەمووارەدا کە ئابڵووقەیەکی دیکە ئابوورییان خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەو بڕیاڕە گرنگ و مێژووییەی دا کە دڵی هەموومانی خۆشکرد، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: بەڵێن بە مامۆستایانی وانەبێژ دەدەین کە درێخیان بۆ ناکەین هەروەکو پێشتر درێخیان بۆ نەکراوە، ڕێکارەکان لەماوەی مانگێکدا هەمووی تەوا دەبێت، هەندێ وردەکاری هەیە لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی  پەروەردە، وەزارەتی پەروەردە لێژنەی تایبەتمەندی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاڕەکە پێکهێنا، ئەو بڕیاڕەش جۆرێک لە سەقامگیریی لە پرۆسەی  پەروەردەدا دروست دەکات.

26ـی ئابی 2024، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە 264، بڕیاریدا بە پێکهێنانی لێژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت بۆ وردبینیکردن لە کۆی گشتیی لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، کە بڕیارە ڕۆژی (5ـی ئەیلوولی 2024) بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.

ئالان حەمەسەعید فەرمانی دەرکردووە، پێویستە ئەو لێژنەیە تاوەکوو (9ـی ئەیلوولی 2024) کارەکانی وردبینیکردن لە لیستی وانەبێژان تەواو بکەن و پاشان بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی بەگرێبەستوونی پێدەربچێت.

هەر ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەروەردەییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کردووە؛ داوای کردووە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو تەواو بکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە (5ـی ئەیلوولی 2024) بۆ وەزارەت ڕەوانە بکرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، 25ـی ئابی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.

Fly Erbil Advertisment