ئەمەریکا دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چاکسازییەکانی لە وەزارەتی پیشمەرگە

کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستیڤ بیتنەر و لیوا لیهی فەرماندەی نوێی هێزە سەربازییە هاوبەشەکان لە ئۆپەراسیۆنی چارەسەریی بنەڕەتی
کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستیڤ بیتنەر و لیوا لیهی فەرماندەی نوێی هێزە سەربازییە هاوبەشەکان لە ئۆپەراسیۆنی چارەسەریی بنەڕەتی

کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کوردستان و فەرماندەی نوێی هێزە سەربازییە هاوبەشەکان لە ئۆپەراسیۆنی چارەسەریی بنەڕەتی لە پەیامێکدا ڕایانگەیاندووە کە، دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ چاکسازییەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆی ڕایگەیاندووە، کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستیڤ بیتنەر و لیوا لیهی فەرماندەی نوێی هێزە سەربازییە هاوبەشەکان لە ئۆپەراسیۆنی چارەسەریی بنەڕەتی، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و شۆرش ئیسماعیل، وەزیری کارووباری پێشمەرگە و سەرکردایەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە، دەڵێت: لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە ڕووداوەکانی ناوچەکە کرد و پابەندبوونی هاوبەشیان دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لە ڕێگەی هاوکاریی هاوبەشی ئەمنی و هەوڵەکانی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوە کردووە کە، کونسوڵی گشتیی و فەرماندەی هێزە سەربازییە هاوبەشەکان، دەستخۆشیان لە حکوومەتی هەرێم کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی کە تا ئێستا بەدەستهاتوون لە پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە.