نەجم ئەلقەساب: گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق دەگەیەنن

شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقیی ئاماژە بەوە دەکات کە، جموجۆڵی نایاسایی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەیەنێت.
دووشەممە 26ـی ئابی 2024، نەجم ئەلقەساب، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە هەموو جموجۆڵە سەربازییەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بێت، بەڵام بەداخەوە چەند لایەنێک هەن وایان کردووە ڕووی حکوومەتی عێراق بەرامبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکانی و نێوەندی نێودەوڵەتی سپی نەبێت، ئەمەش جێی قەبوڵ نییە، کە بنکەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و عەین ئەسەد بە ئامانج دەگرن.
دەڵێت: ئەو گرووپانە لە جموجۆڵن بەرامبەر هەرێمی کوردستان، فەرمانلە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان وەرناگرن، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە، دەشڵێت: ئەو گرووپە چەکدارانە هەندێ هەڵسوکەوت دەکەن کە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق دەکەن و کێشە بۆ پەیوەندییەکان دروست دەکەن، بەتایبەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە گەورەترین پارتە، لەگەڵ ئەوەش کێشە بۆ حکوومەتی عێراقی دروست دەکەن.
ئەلقەساب گوتی: گرووپە چەکدارەکان لە پرۆسەی سیاسیی بەشدار نین، بەڵام مووچەی خۆیان لە دەوڵەت هەیە، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، نا سەقامگیریی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەیتی دروست دەکەن.
دەڵێت: ئەو هەڕەشانەی گرووپەکان دەیکەن، پەیامێکن لەوەی سەقامگیریی دەکەنە ئامانج، وایان کردووە کۆمپانیاکانی بیانیش پاشەکشە بکەن.