به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ تاوتوێی زیادبوونی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق ده‌كات

به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ تاوتوێی زیادبوونی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق ده‌كات
به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ تاوتوێی زیادبوونی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق ده‌كات

تا دێ ژماره‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق پتر ده‌بێت و دۆخی سه‌ربازی و ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌یش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تدا نامێنێت، كاریگه‌ریی ئه‌م گرووپانه‌ له‌سه‌ر ئایینده‌ی سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منی عێراق له‌ سایه‌ی زیادبوونی ئه‌م گرووپانه‌ چۆن ده‌بێت؟ به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه‌ له‌ لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له‌ كوردستان24 پێشكه‌شكردنی بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م پرسه‌، میوانداری هه‌ر یه‌ك له‌ شرۆڤه‌كارێكی سیاسی و ئه‌منی و نوێنه‌ری پێشووی عێراق له‌ ناتۆ و شاره‌زای سه‌ربازی و ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی ڕه‌وتی حیكمه‌ی كردووه‌.

له‌ سه‌ره‌تادا كازم زوبه‌یدی، شرۆڤه‌كاری سیاسی و ئه‌منی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆژیا دامه‌زراون و به‌شێكی زۆریان له‌ناو حه‌شدی شه‌عبیدا كار ده‌كه‌ن و به‌شێكیشیان هه‌ر ئه‌وانه‌ن و ناویان له‌ خۆیان ناوه‌ به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ی گوتاری سه‌ره‌كییان ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ عێراق.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌م گرووپانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هه‌یانه‌ و شوێنی كه‌وتوون، فه‌رمان له‌ ئێران وه‌رده‌گرن و یه‌ك پرۆژه‌یان هه‌یه‌ ئه‌ویش چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.

له‌ لای خۆیه‌وه‌، كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ڕه‌وتی حیكمه‌ گوتی، ده‌یان و سه‌دان پارت و ڕێكخستنی سیاسی له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن و هه‌ر یه‌كێكیشیان خاوه‌نی باڵی جیاجیان و باڵی سه‌ربازیش یه‌كێك له‌ باڵه‌كان، بۆیه‌ گرووپی چه‌كداری له‌ عێراق وابه‌سته‌ی پرۆژه‌ی هزری سیاسی پارت و ڕێكخستنه‌ سیاسییه‌كانه‌.

كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، گرووپه‌گه‌لێكی چه‌كدار له‌ عێراق هه‌ن، كه‌ له‌ژێر فه‌رمانه‌كانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقدا كار و چالاكییه‌كانیان ناكه‌ن.

هاوكات سه‌باح ساڵح، نوێنه‌ری پێشووی عێراق له‌ ناتۆ و شاره‌زای سه‌ربازی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، عێراق له‌ دوای ساڵی 20023ـوه‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ خاوه‌نی هێزێكی پرۆفیشناڵ و پیشه‌یی، جووڵه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی بۆ کۆڵەجۆ له‌ كفری، درێژه‌پێده‌ری بارودۆخه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌ وه‌ك چۆن له‌ شنگالیش هه‌مان بارودۆخ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ شوێنی دیكه‌یش دووباره‌ ببێته‌وه‌.

سه‌باح ساڵح ڕوونیشی كرده‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌م ناوچانه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئابوورییه‌، چونكه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌ نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی هه‌یه‌.

بەرەبەیانیی یەکشەممە (25ـی ئابی 2024) یەکێتی ناحیەی کۆڵەجۆی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.

ناحیەی کوڵەجۆ سەر بە قەزای کفرییە، ناوچەیەکی کشتوکاڵیی گەورە و دەوڵەمەندە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەلار – گوڵاڵە، بە دووری 15 کیلۆمەتر لە قەزای کەلار، سەرجەم دانیشتووانی کۆڵەجۆ و گوندەکانی دەوروبەری کوردن.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی کە نزیکەی سێ هەزار چەکدار دەبوون بە 200 ئۆتۆمبێل، هامەر و کەرەستەی سەربازی دیکەوە، دەستیان بەسەر ناحیەی کۆڵەجۆدا گرت، چەندین سەنگەریان لێ دا و گوتیان: بە ڕێ ککەوتن لەگەڵ یەکێتی هاتووین و هەر لایەنێک ڕێگریمان لێ بکات، ڕووبەڕووی دەبینەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستی کەوتووە، یەكێتی فەرمانی بە لیوای پێنجی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کردبوو، کە ڕووبەڕووی هێزەکەی حەشدی نەبنەوە، چونکە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردوون.