بەڕێوەبەری دەروازەی پەروێز خان: جووڵەی بازرگانیی لە دەروازەی پەروێز خان ناوەستێت

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کە ئاگری دەروازەی سنووریی پەروێزخانیان کۆنتڕۆڵکرد
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کە ئاگری دەروازەی سنووریی پەروێزخانیان کۆنتڕۆڵکرد

دوای دوو کاتژمێر لە ئاگر کەوتنەوەی چەند بارهەڵگرێکی سووتەمەنی لە دەروازەی سنووریی پەروێز خان، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوبەشی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد، بەڕێوەبەری دەروازەی پەروێز خانیش دەڵێت: جووڵەی بازرگانیی لە دەروازەکە ناوەستێت.

دووشەممە 26ـی ئابی 2024، لە گۆڕەپانی وەستانی بارهەڵگرەکانی سووتەمەنی لە دەروازەی سنووری پەروێز خان، ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە 17 بارهەڵگری سووتەمەنی سووتان، لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەش شوفێرێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسیش بریندار بوون.

جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە گۆڕەپانی بارهەڵگرانی سووتەمەنی ئاگرێک کەوتەوە کە بووە هۆی سووتانی 17 تانکەر و گیانلەدەستدانی شوفێرێک و برینداربوونی حەوت کەس، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سوپاسی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد کە بەشدارییان لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە کرد.

عەباس ئیسماعیل بەڕێوەبەری دەروازەی پەروێز خانیش گوتی: لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان دروست کردووە بۆ زانینی هۆکارەکانی ئاگرەکە و زیانەکانی، گوتیشی: جموجۆڵی بازرگانیی ناوەستێت، ناوبراو ئەوەی ئاشکرا کرد، ئەو شوفێرەی لە ئاگرەکە گیانی لەدەستداوە، خەڵکی مووسڵە.

هاوکات موفید محەمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی گەرمیان گوتی: تەواوی تیمەکانمان بە هاوبەشت تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کرد.