نووری مالیکی: دژی ئازادکردنی تیرۆریستان و گەندەڵکارانین

K24 – هەولێر:
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: ئەوان لەگەڵ یاسای لێوردنی گشتیین بەڵام نابێت، ئەوانەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییان سوور بووە و ئەوانەشی لە گەندەڵی دارایی و کارگێری و کاری سیخوڕی تێوەگڵاون، ئازاد بکرێن.
26ـی ئابی 2024، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بارەی یاسای لێبووردنی گشتییەوە ڕایگەیاند: نابێت ئەو کەسانە ئازاد بکرێن کە کاریان تیرۆر بووە و وڵاتییان شێواندووە.
نووری مالیکی ڕاشیگەیاند، بەرژهوەندیی نیشتمانی دەخوازێت ئەو کەسانەی کاریان کوشتن و تیرۆر بووە و وڵاتییان شێواندووە، ئازاد نەکرێن و لێخۆشبوون نەیانگرێتەوە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ یاسای لێبووردنی گشتیدایە بەڵام دژی ئازادکردنی ئەو تیرۆریستانەین کە دەستیان بە خوێنی کەسانی بێتاوان سوورە.
مالیکی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی و سیخووڕی لە یاسای لێبووردنی گشتی هەڵاوێرد بکرێن و ڕێز لە بنەما دادوەرییەکان بگیرێت کە ڕێکاری یاسایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانە داناوە.
4ـی ئابی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق کرد و تێیدا مەبەست لە "ئینتما بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان"ـی ڕوونکردوەتەوە.
بەپێی پرۆژەیاساکە، ئەو ڕوونکردنەوەیە بۆ بەشی دووەمی ماددەی چوارەم لە یاسای لێبوردنی گشتیی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، زیادکراوە و ئاماژەی بەوەشکردووە: ئامانج لەو هەموارکردنەوەیە بریتییە لە دیاریکردنی مەبەست لە ئینتما بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان وەک لە یاساکەدا هاتووە، کە بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتی ئێستای عێراق کە پەرلەمان پەسەندی کردووە.
بەپێی ئەو هەموارە، مەبەست لە ئینتما بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کاریان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووە، یاخود کەسانی دیکەی بۆ ئەندامبوون لەو ڕێکخراوانە کۆکردووەتەوە، یاخود هەستاوە بە جێبەجێکردنی کاری تیرۆریستی یان بە هەرجۆرێک هاوکاری کردووە لە کارێکی تیرۆریستی، یاخود ناوی لە تۆمارەکانی ئەو ڕێکخراوانە دۆزرابێتەوە.
پێشتر لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو بۆئەوەی هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتیی بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسی و دواکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەم كارە نەكرا.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە خوێندنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی تەواو كردووە و بەرزكراوەتەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئێستا دوای زیاتر لە 10 مانگ، خوێندنەوەی یەكەمی کرا.