باڵیۆزی فەڵەستین لە ڕووسیا بۆ کوردستان24: ئەمه‌ریکا نایەوێت كێشەی فەڵەستین چارە بكرێت

عه‌بدولحافز نه‌وفه‌ل، باڵیۆزی فەڵەستین لە ڕووسیا
عه‌بدولحافز نه‌وفه‌ل، باڵیۆزی فەڵەستین لە ڕووسیا

K24 – مۆسکۆ:

باڵیۆزی فەڵەستین لە ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا نایەوێت چارەی کێشەی فەڵەستین بکرێت و ئاماژەی بەوەش کرد: ئیسرائیل نە تەنیا خەڵکی سڤیل، بەڵکوو لە دامودەزگاكانی حکوومەتی فەڵەستینیش دەدات و دەست لە هیچ ناپارێزن.

عه‌بدولحافز نه‌وفه‌ل، باڵیۆزی فەڵەستین لە ڕووسیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند:  "ئێمە پێمانوایە دەبێت کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پرسی ئاشتی لە فەڵەستین بەڕێوە بچێت، پاش ئەو کارەساتەی لە غەززە ڕوودەدات، هێرشی تاکلایەنە بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل، ئەگەر باس بێتە سەر مافی مرۆڤ، لە خێزانێکی فەڵەستینیدا بۆ نموونە 10 کەس دەژین، یەک کەسیان حەماسە، مەگەر دەبێت هەر 10 کەسەکە بکوژرێت، چۆن شتی وا دەبێت؟"

باڵیۆزی فەڵەستین لە ڕووسیا گوتیشی: پرسی فەڵەستین یەکێکە لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بۆیە ئەگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زمانی هاوبەش و چارە نەدۆزرێتەوە، لەناوچەکانی تر دەشێت جەنگی ئایینی سەرهەڵبدات، جەنگی ئاینی دەبێتە کارەسات بۆ هەمووان، تا ئێستا ئێمە دەڵێین ئەمە کێشەیەکی سیاسییە، بۆیە داوا دەکەین کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کۆنفرانس ببەسترێت و ئەو کارەساتە ڕابگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عه‌بدولحافز نه‌وفه‌ل، ئاماژەی بەوەدا "نموونەی هاوشێوەمان هەیە وەک ئەوەی لە یوگوسلاڤیا ڕوویدا، چارەسەری ئەوێیان کرد، دەزانن بۆ لە فەڵەستین چارەی ناکەن، چونکە ئەمەریکا نایەوێت چارەسەری بکات، ئەگەر ئەوان بخوازن چارەسەری پرسەکە بکەن، سبەینێ کێشەکە چار دەبێت".

هەروەها ئەو بەرپرسە فەڵەستینییە باسی لەوەش کرد: خەڵکی ژیر و ئاسایی لە ئیسرائیل، بە هەمان شێوەی ئێمە بەتەنگ ڕاگرتنی شەڕەکەوەن، بەڵام ناتانیاهۆ و دەستەکەی نەک تەنیا خەڵکی ئاسایی، بەڵکو لە دامودەزگاکانی حکوومەتی فەڵەستینیش دەدەن، دەست لە هیچ ناپارێزن، هیچ مافێک بۆ فەڵەستینییەکان بە ڕەوا نابینن.

Fly Erbil Advertisment