بارنی ئۆستن: عێراق ناتوانێ ئیدارەی ئاو بکات

سەرۆکی کۆمپانیای ئەکواستراتیژی ئەمەریکا دەڵێت: عێراق بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە زۆر دەوڵەمەندە بە ئاو، بەڵام ناتوانێت ئیدارەی ئاو بکات بۆیە ئاوی ڕووبارەکانی کەمی کردووە، پێشی وایە ئەگەرێکی نزیکە جەنگێک لەسەر ئاو لەنێوان وڵاتان سەرهەڵبدات.
دووشەممە 26ـی ئابی 2024، بارنی ئۆستن، سەرۆکی کۆمپانیای ئەکواستراتیژی لە ئەمەریکا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لە تێکساس و سەرانسەری ئەمەریکا، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کێشەی کەمئاوی سەری هەڵداوە، دەڵێت دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەو کێشانە چارەسەردەکەن، دەڵێت:کێشەی کەمی ئاو بەپێی پلانی ویلایەیەتەکان لە ئەمەریکا چارەسەر دەکرێت، لەو پرسەشدا شارەوانییەکانیش هاوبەشن لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی.
بارنی ئۆستن دەڵێت: هەمیشە دەرفەتی ئەوە هەیە کاری باشتر بکرێت، گۆڕانکاریی لە کەشوهەوا هەیە، هاوکات وشکەساڵی هەیە، دەڵێت: ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین ئاو بۆ ماوەیەکی درێژتر تەرخان بکەین، دەشڵێت: لەدۆخی کەمئاویدا هەموومان بەشدارین، پێویستە هەموومان بەشداریشبین لە چارەسەری ئەو کێشەیە، هەموومان پلان دابنێین بۆ ئەوەی ئاو هەبێت و بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ڕێ لە قەیرانەکان بگرین.
سەرۆکی کۆمپانیای ئەکواستراتیژی ئەمەریکا گوتی: جۆرێک لە گرژیی لە ناوچەکە لەنێوان وڵاتان و ناوچەکە لەبارەی ئاو هەیە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەمباری ئاویان هەیە هەندێک جار ڕێک ناکەون، بە نموونەی عێراق و ئێران، ئێمەش لەگەڵ مەکسیک کێشەمان هەیە لەبارەی ئاو کە خەریکە گرژیی دروست دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە جەنگێک بەهۆی ئاوەوە دروست بێت.
گوتی: سەردانی عێراقم کردووە و کارم لەو وڵاتە کردووە، دۆخی عێراق سەختە، هەماهەنگی لەنێوان ئاژانسەکان نییە، هیچ وێستگەیەک نییە بۆ ئاو، ئالەنگاریی هەیە، عێراق بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە ئاوی زیاتری هەیە، بەڵام باش بەکار نەهاتووە، ئاوی عێراق کەمبووەتەوە، پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت بۆ ئیدارەدانی ئاو، پێویستە ڕێککەوتن لەنێوان وڵاتان بکرێت لەسەر ئاو.