فڕۆکەیەکی سیخوڕیی چینی ئاسمانی ژاپۆن دەبەزێنێت
فڕۆکەیەکی سیخوڕیی چینی لە دەریای ڕۆژهەڵاتی چین، ئاسمانی ژاپۆنی بەزاند و تۆکیۆش بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەری ژاپۆن ناوی دەبات و هۆشداری دەدات.
یۆشیماسا هایاشی، گوتەبێژی حکوومەتی ژاپۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بەزاندنی ئاسمانی ژاپۆن لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی چینییەوە تەنیا پێشێلکردنی سەروەری ژاپۆن نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکیشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان و ئەمەش قبووڵکراو نییە.
ڕاشیگەیاندووە "حکوومەتی ژاپۆن بەردەوام دەبێت لە نزیکەوە چاودێریی چالاکییە سەربازییەکانی چین دەکات و هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو دەگرێتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ڕووداوی دیکەی هاوشێوە دووبارە نابێتەوە، چونکە لەم دوایانەدا چالاکییە سەربازییەکانی چین لە دەوروبەری ژاپۆن فراوان و چالاکتر بوون".
هەر بۆ گەیاندنی ناڕەزاییەتی، وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن، ماساتاکا و ئۆکانۆ، سەرپەرشتی باڵیۆزخانەی چینی لە تۆکیۆ بانگهێشت کردووە و وێڕای پێڕاگەیاندنی ناڕەزایی توندی تۆکیۆ، پێشیان ڕاگەیاندووە، نایانەوێت چین پێشێلکارییەکی دیکەی هاوشێوە دووبارە بکاتەوە.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ژاپۆن ڕایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی سیخوڕی جۆری وای-9ی چینی لە کەناراوەکانی دوورگەی دانجۆ لە هەرێمی ناگازاکی بۆ دوو خوولەک ئاسمانی ژاپۆنی بەزاندووە، بەڵام بە پەلە فڕۆکەی جەنگییان بۆ هەڵفڕاندووە تاوەکوو دووری بخەنەوە.