سوودانی بەرەو میسر و تونس بەڕێ کەوت
بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئابی 2024، محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک بەرەو میسر و تونس بەڕێکەوت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا بڵاوی کردووەتەوە، سەردانەکەی سوودانی بۆ هەردوو کۆماری میسر و تونس سەردانێکی فەرمییە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک لە بارەی ئەجێندای سەردانەکە ڕوون بکاتەوە.
لە 11ی ئایاری ئەمساڵدا، نەبیل عەمار وەزیری دەرەوەی تونس بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی بەغدای کرد و بەشداریی لە 17 خولی لێژنەی کاری هاوبەشی عێراق - تونس کرد کە بۆ سێ ڕۆژ کۆبوونەوەکان لە بەغدا بەردەوام بوون و 18 یاداشتنامەی لێکگەیشتن لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و تونس ئیمزا کران.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی تونس بانگێشتنامەی قەیس سعەید، سەرۆککۆمار و ئەحمەد حەشانی، سەرۆکوەزیرانی تونسی بە محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاند، بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکەیان بکات.
هەروەها ناوەڕاستی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی قاهیرەی کرد لەگەڵ مستەفا مەدبولی، سەرۆکوەزیرانی میسر ئیمزایان لەسەر 11 یاداشتنامەی لەیەک تێگەیشتن کرد، کە کەرتی بانکی، پرۆژەی مامناوەند و بچووک، بازرگانی و پیشەسازیی، پەرەپێدانی توانای دیپلۆماتی و کەرتی گەشتیاریی و چەند بوارێکی دیکەی لەخۆ دەگرێت.