ڕێککەوتنی یەکێتی و بەشێک لە عەرەبەکانی کەرکووک جێبەجێ کران

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ڕێککەوتنی یەکێتی و بەشێک لە عەرەبەکانی کەرکووک جێبەجێ کران و پۆستەکانی جێگر و یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک درانە پێکهاتەی عەرەب، لەڕێگەی کۆکردنەوەی بەشێک لە عەرەبەکانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا، لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە دڵنیاییان پێ درا کە پەراوێز ناخرێن.

کۆبوونەوەی بەشێک لە عەرەبەکانی کەرکووک لەگەڵ پارێزگار و سەرۆک هۆزی عوبێد، بە ئامانجی پێدانی دڵنیایی پێیان کە لەو حکوومەتە پەراوێز ناخرێن و مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

سەفا موجزین، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لەسەر بەرەکەتی خودا حکوومەتی کەرکووکی نیشتمانی پێک هێنرا کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە دەکات، شەمەندەفەری کەرکووک، ململانێی نەتەوەیی بەرەو ئاشتی و پێکەوەژیانی ڕاستەقینە بەجێ هێشت.

هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی یەکێتی و بەشێک لە عەرەبەکان چووە بواری جێبەجێ کردن، پۆستی یاریدەدەری پارێزگار لە پشکی عەرەب دەستبەکار بوو.

وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد بۆ کوردستان24 گوتی: خشتەیەکی دیاریکراو بۆ دابەشکردنەوەی پۆستەکان هەیە ڕێکارەکان تەواو دەکرێن، ئەو پۆستانەی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگایە، لەوێ دەنگی لەسەر دەدرێت، بەشێک لە پۆستەکانیش لە دەسەڵاتی پارێزگارە و پشت بەخوا سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بەدی دێت.

پڕکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی حکوومەتی ئێستای خۆجێی کەرکووک لە کاتێکدایە کە بەشێک لە پێکهاتە و لایەنەکان چاوەڕیی یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکانیانن کە لەدادگای فیدراڵی لە دژی ئیدارەی ئێستای کەرکووک تۆماریان کردووە.

هەڵوێستی تورکمانەکان و بەشێک لە عەرەبەکان نەگۆڕە و دەڵێن: بەشداریی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ناکەین و دانیشی پێدا نانێین.

نازم شەمەری، ئەمینداری گشتیی دەستەی بۆچوونی عەرەبی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تا ئەو کاتەی سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانی کەرکووک دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، لەدوای یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەمان نابێت هیچ هەنگاوێک بنرێت، پێویستە کەس لەسەر حیسابی کەس دوور نەخرێتەوە، ئەوەش لەپێناو خزمەتکردنی ئاسایش و سەقامگیریی کەرکووکە.

لەگەڵ ئەوەی هەوڵی لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بە ئاراستەی بەشداریی کردنی لایەن و پێکهاتەکانی دیکەی بەرەی بایکۆتن، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بێ ئەنجام بوونە.  

Fly Erbil Advertisment