بەشێک لە ئەمەریکییەکان ترەمپ بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسییەت دەبینن
ویلایەتی ویسکۆنسن، یەکێکە لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ویلایەتی ویسکۆنسن بە ویلایەتی کۆمارییەکان ناسراوە کە لە ساڵی 1854 پارتی کۆماریی ئەمەریکا لەو ویلایەتە دامەزرا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان زۆرینەی دەنگەکانی ئەو ویلایەتەی بەدەست هێنا، ڕاپرسییەکانیش دەری دەخەن کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان خەریکە جارێکی دیکە زۆرینەی دەنگ لە ویسکۆنسن مسۆگەر بکات.
یەکێک لە دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان لەو ویلایەتە دەڵێت: پێویستە ترەمپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، چونکە سیاسەتەکانی سەرکەوتوو بوون.
کەیسی ستێرن، هاووڵاتی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: تاکە دەرفەت لەپێشمان ئەوەیە سەرۆک ترەمپ بۆ کۆشکی سپی بگەڕێنینەوە. سیاسەتەکانی سەرکەوتووبوون، لەوانەیە هەندێک کەس تویتە توندەکانیان بەدڵ نەبووبێت، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە سیاسەتەکانی سەرکەوتوو بوون.
لە نوێترین ڕاپرسییەکان دەردەکەوێت، هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2020، جارێکی دیکە لە ویلایەتی ویسکانسن دیموکراتەکان بە جیاوازییەکی کەم، زۆرینەی دەنگ بەدەس تدەهێنن.
دانیشتووێکی ئەو ویلایەتە دەڵێت:ترەمپ هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسییەت.
مایکڵ هەڤدی، هاووڵاتی ئەمەریکایی، دەڵێت: ترەمپ هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسییەت، هەروەها کەسانێکی زۆر مەترسیدار لە دەوروبەریدان، ترسم لەوە هەیە دیموکراسییەت لاوازبێت، ترسم لەو سیاسەتانە هەیە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕێگری لە خەڵک بکات دەنگ بدەن.
لە 20ـی ئاداری 1854 لەو هۆڵە پارتی کۆماریی ئەمەریکا دامەزرا، یەکێک لە بنەماکانی دامەزراندنی ئەو پارتە دژایەتیکردنی کۆیلایەتی بوو لە وڵاتەکە، لەو کاتەوە بە ویلایەتی کۆمارییەکان ناسراوە، بەڵام لە ساڵی 1988ـەوە تا 2016 دۆناڵد ترەمپ تاکە کاندیدی کۆمارییەکان بووە لەو ویلایەتە سەرکەوتوو بێت.